عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران، ڕایگەیاند، هەینی داهاتوو چارەنووسی وڵاتەکەی بۆ چوار ساڵی ئایندە دیاریدەکرێت، ئەویش لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران لە زاری موسەوییەوە بڵاویکردەوە، بەشداریکردنی هەموو لایەک لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا گرنگە، بۆ ئەوەی باشتریت کەس کاندید بکرێت لە ناو پاڵێوراوانەدا، بۆ ئەوەی چوار ساڵی ئایندە بۆ ئێران قۆناغێکی جیاواز بێت و چارەسەری کێشەکانی وڵات بکات.
موسەوی ئاماژەی بەوەکرد، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا رەنگە کاتژمێرێک بخایەنێت، بەڵام ئەو کاتژمێرە ڕەنگڕێژی چوار ساڵی داهاتووی وڵات دەکات و هاوکار دەبیت بۆ بەهیزکردنی تواناکانی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی.
فەرماندەی گشتی سوپای ئێران ڕوونیکردەوە، دوژمنان بە هەموو توانایانەوە کاردەکەن بۆ چاندنی بێهیوایی و گومان و بێ متمانەیی لە لای گەلی ئێران، بۆیە لەم دۆخەدا گرنگە لە لایەنە ئەرێنییەکانی هەڵبژاردن تێبگەن و کەسی شیاو بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت و بەڕێوەی ببات.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژ هەینی داهاتوو ١٨ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوە بچێت، کە چەند کاندیدیکی بەهێز لە هەردوو باڵی ڕیفۆرمخوازەکان و موحافزکارەکان ململانیی یەکتر دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بۆ چوار ساڵی ئایندە.