4 هەزار هاوڵاتی عێراقی ویستوویانە بە فیڵ لە ئەمریکا ببنە پەنابەر

  2021-06-18  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی ٤ هەزار هاوڵاتی عێراقی داخوازی ساختەیان پێشکەشکردووە، بۆ ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پەنابەر جێگیر بکرێن.

بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانە کە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە، زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتی عێراقی بەشێوەیەکی کرداری وەک پەنابەر هاتوونەتە ناوخۆیی ئەمریکاوە، بەڵام تێوەگلاون لە کێشەیەکی فێڵ و ساختەکردندا، کە چاوەڕواندەکرێت بیانگێڕنەوە بۆ عێراق و رەگەزنامەی ئەمریکاشیان لێ وەربگرنەوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکە هیچ کام لەوانە کە ژمارەیان لە ٥٠٠ کەس تێپەڕ دەکات، تا ئەمڕۆ هیچ ئاماژەیەکیان لەسەر نییە، کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبێت.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئاگاداری ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دەسەڵاتداران لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەی فەرمییان دەستپێکردووە.

لێپرسراوانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەم کارە بەیەکێک لە هەرە  گەورەترین لیکۆڵینەوەکانی تایبەت بە فیڵ و هەڵخەڵاتدن لە پرۆگرامی پەنابەراندا دادەنرێت لە مێژووی نوێدا لە ئەمریکا.

هەر بەهۆی ئەو فێڵکردنەوە پرۆسەی گەیشتنی راستەوخۆی پەنابەرانی عێراقی بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ ڕاگیراوە، تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت.

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەربارەی کێشەکە ڕایگەیاندووە، چەند کەسێک ئاشکراکراون، کە تێزەگلاون لە پیلانەکە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دواتر دادگایی دەکرێن، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت ئەو پرۆسەیە بە پاکی و بێ کێشە بەردەوام بێت، بەڵام هەر کەسێکیش بیەوێت بە فێڵ سوود لە ڕێز و پێزانین و میوانداری ئەمریکا وەربگرێت بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە سەیری کراوە، ئاماژە بەوە دەکات، هەڵپەساردنی پرۆگرامی پێشوازیکردن لە پەنابەرانی عێراقی، بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاری ٤٠ هەزار داوا، کە ١٠٤ هەزار کەس دەگرێتەوە و لە ٩٥%یان لەعێراقەوە هاتوون و دووبارە هەڵسەنگاندن و وردبینی دەکرێتەوە لە داخوازی و بەڵگەنامەکانیان.

لێپرسراوانی ئەمریکا لیستێکیان ئامادە کردووە، کە تایبەت بەو کەس و کۆمپانیایانە کە دەستیان هەبووە لە فێڵکردنەکەدا، بڕیاریشە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٤ هەزار کەس بکرێت.

لەناو ئەو کەسانەشدا کە داواکانیان وەرگیراوە لە ئەمریکا، کەسانی ناوخۆیی عێراق و دەرەوەی ئەو وڵاتەشیان تێدایە، کە مەترسی لەسەر ژیان هەبووە، بەهۆی ئەوەی خۆیان یان ئەندامێکی خێزانەکەیان کاریان لەگەڵ ئەمریکا کردووە.

ئەو لێپرسراوانە ئاماژە بەوەش دەکەن، بابەتەکە بووەتە جێگەی سەرنجی هەندێک لە لێپرسراوانی ئیدارەی جۆ بایدن، لە کاتێکدا دەیانەوێت پرۆگرامێکی هاوشێوە بۆ پەنابەرانی ئەفغانستانیش دەستبەبەر بکەن، کە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.



ڕیکلام