ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران کێیە؟

  2021-06-19  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ناوی تەواوی ئیبراهیم ڕئیس ئەلساداتییە، کە ناسراوە بە ئیبراهیم رەئیسی، لە دەرگای دەزگای دادوەریی وڵاتەکەیەوە تیکەڵ بە سیاسەت بووە و زۆر نزیکە لە عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانەوە.

لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری مەشهەدی ئێران لە دایکبووە، پیاوێکی ئایینی و سیاسییە و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییە لە ئێران.

لە ٧ی ئازاری ساڵی ٢٠١٩وە بە ڕاسپاردەی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

هەر لە سەرەتای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە بواری دەزگای دادوەریی وڵاتەکەیدا کاریکردووە، لە ساڵی ١٩٨٥ بووەتە جێگری سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی لە تاران، لە ساڵ ی ١٩٨٩ بووە سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران، هەروەها سەرۆکی دامەزراوەی چاودێرو پشکنینی گشتی.

پاشان لە بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی خوبرگان، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤  بووەتە جێگری سەرۆکی دەسەلاتی دادوەریی.

لە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن خامنەئییەوە کاندید کراوە بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی (ئوستانی قودس رەزەوی، دواتریش بووەتە سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی ئێران.

لە ساڵی ٢٠١٧ خۆی بۆهەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئێران کاندید کرد، بەڵام لە بەرامبەر حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێستادا شکستی هێنا.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی خۆی کاندیدکردەوە و بووە یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکان و توانی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بباتەوە.

ئیبراهیم رەئیسی لە دەرگای دەزگای دادوەریی وڵاتەکیەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە، بە یەکێک لە هەرە نزیکەکانی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران دادەنرێت لە لایەن حەوزەی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکانی وڵاتەکەیەوە پشتیوانی دەکرێت.

لە کاتی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا چووە ناو شەقام و بازارەکان، بۆ ئەوەی دڵی زۆربەی خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

لە سەرەتای پڕوپاگەندەکان لە وتارێکدا پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی وڵاتەکی کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر بێهیوابوون لە حکومەتی ئێستا، تۆڵە لە حکومەتی داهاتوو مەکەنەوە.

دوێنێ سێزدە‌یەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان و دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی دەستیپێکرد .

لەکۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، 29 ملیۆن و 980 هەزار و 38 کەس پیاون و 29 ملیۆن و 330 هەزار و 269 کەسیش ژنن .

زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کرابوون .



ڕیکلام