سعودیە: لەسەر بنەمای چۆنێتی کارکردن بڕیار لەسەر سەرۆکی نوێی ئێران دەدەین

  2021-06-22  | 
دۆسیە:  سعودییە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای چی وچۆن پیادەی حکومەت دەکات، بڕیار لەسەر سەرۆک و حکومەتی نوێی ئێران دەدات.

وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە ئێراندا، ئایەتولا عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانە، لە پیادەکردنی سیاسەتی دەرەوەدا.

فەیسەڵ بن فەرحان لەوبارەیەوە وتی "بە تێڕوانینی ئێمە سیاسەتی دەرەوە لە ئێران لە لایەن رابەری باڵاوە پیادە دەکرێت، بۆیە ئیمە مامەڵەکانمان لەگەڵ ئێران لەسەر پیادەکردنی چۆنێتی حوکمکردنە لە واقیعدا، کە هەر ئەوەش سەرچاوەی مامەڵە و دەوڵەتداری حکومەتی نوێ دەبێت، بەدەر لەوەی کێ پۆستی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە وەردەگرێت".

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە، سعودیە و بەشێک لە دەوڵەتانی دیکەی کەنداو فشارەکانیان لەسەر ئێران زیاتر کردووە، لە کاتێکدا تاران هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ بواری ئاشتییە.

لە بەرامبەر ئەوانەشدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، لەوبڕوایەدان ئێران خاوەنی پرۆگرامێکی نهێنی چەکی ئەتۆمی بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ڕایگرتووە.

حکومەتی سعودیە لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە دەستیکردووە بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاراندا.



ڕیکلام