هونەری بەرگری و فۆڕمی جیاواز لە سایەی سانسۆردا..

  2021-06-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەوراز محەمەد


لەسایەی سیستەمە تۆتالیتارەکاندا، جۆرێک لە هونەر کە هونەری بەرگرییە، دەبێتە زمانحاڵی سەردەمەکە و دیوە ماندووەکەی ئینسان، ئازارەکانی، خەون و دڵخۆشیەکانی لە ناو خۆیدا بەیان دەکات.. هەر خودی ئەم هونەرە بۆ دوو شێواز دابەشدەبێت؛ شێوازێکیان بە شێوەی راستەوخۆ و بەزمانێکی توند دێتە گۆ و بەربەچی دۆخەکە دەداتەوە.. بەڵام شێوازێکی تریان بە زمانێکی ناراستەوخۆ و بەزمانێکی نەرم گوزارشت دەکات و شێوازێکی سیمبولیک بەکاردەبات بۆ گەیاندنی پەیامەکانی.. شێوازی دووەم لە ناوەڕۆک و هەست بەخشیندا ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نیە لە شێوازی یەکەم و بگرە قورسترە..

ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە باشوری کوردستان هەر دوو جۆرەکە لە هونەر و ئەدەب بوونیان هەبوە و کاریگەربوون لەسەر زیندووهێشتنەوەی رۆحی بەرەنگاری و گوزارشتی راستەوخۆ بوون لە رۆحی سەردەمەکە..

ئەو شانۆییانەی کە باسیان لە شۆڕشگێڕێکی فەلەستینی دەکرد و کارەکتەرەکە بە جامانەیەکەوە لەسەر تەختەی شانۆ گڕی لە هەستی بینەر بەر دەدا، ئاماژەیەکی سیمبولیک بوو بۆ پێشمەرگە..

لە هونەری گۆرانی و میوزیکیشدا لەم شێوازە لە هونەری بەرگری بونی کاریگەری خۆیان هەبوە، گۆرانیە نایابەکەی هونەرمەند (ئەسعەد قەرەداغی) بەناوی (کاروانچی) کە تێکستی گۆرانیەکە لە نوسینی شەهید (دڵشاد مەریوانی) و (شێخ رەوف حسەین بەرزنجی)ە، دیالۆگی چەند هاوڵاتیەکە لەگەڵ کاروانچیەکدا کە لێی ئەپرسن هۆ برای کاروانچی، رێگات بەرەو کوێیە؟ هەڵمانگرە لەگەڵ خۆت بۆ ئەو دێیە کەسمان لەوێیە.. لە شوێنێکی تردا دەڵێن دڵمان لەوێیە.. برای کاروانچی وەڵام دەداتەوە کە ڕێی بەرەو کوێستانە و پێیان دەڵێت هەر کێ بێت لەگەڵم بەچاوان دەیبەم و ئازایانە بەرەو زۆزان سەرکەون...
ئەم گۆرانیە ئاماژەیەکی روونی هەستی خەڵکە بۆ ئەوەی دڵیان لای پێشمەرگەیە کە لە چیاکان و ناو گوندەکانن و گۆرانیەکە هاندانێکی ناراستەوخۆی خەڵکە بۆ چونە دەرەوە و بۆ بوون بە پێشمەرگە...

گرنگی ئەم جۆرە لەهونەر ئەوەیە ئەتوانێت لە ناو دڵی سیستەمدا بێ خۆ حەشاردان دەنگهەڵبڕێت و پەیامەکەشی بگات..
کەم نین ئەو شاکارانەی لەو مێژوەدا تۆمارکراون و تۆزی ئەم سەردەمە دڵرەق و ناعەدالەتە وای کردوە نەبینرێن..
* گۆرانیەکە، بەرهەمی تیپی مۆسیقای سلێمانیە و لە ئاواز و دابەشکردنی هونەرمەندی گەورەی موزسیانی کورد (ئەنوەر قەرەداغی)ە.. لەم ساڵانەی رابردوشدا هونەرمەند کاکە (دیاری قەرەداغی) گۆرانیەکەی بەدەنگە زوڵاڵ و تایبەتەکەی دووبارە کردەوە..
* دروود بۆ سەردەمێک کە هونەر قەدری خۆی هەیە و رێزی دەگیرێت..