رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم: دادگاکان لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆن

  2021-07-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، دادگاکان لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆن و حوکمەتی هەرێمیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات.

لە راگەیێندراوێکدا  نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان  هەرێمی کوردستانددا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەهایانەی گرتووەتە باوەش کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوەیی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژیی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و رێسا بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت ".

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "دادگاکان سەربەخۆن و حوکمەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆیبەکان دەکەین رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن. هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکرێن ".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 16ی شوباتی 2021 دا دادگای تاوانی هەولێر سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر 5 تۆمەتباردا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوی دادگا رەوانە کرا بۆ تێهەڵچوونەوە، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیارەکەی دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاردا پەسەند کرد. لە 27 ی حوزەیراندا، دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان، بڕیارەکە پەسەندکرا.

ڕوونیشیکردووەتەوەن دادگای تاوانەکان دۆسیەی ئەو پێنج کەسەی گواستەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، دادگایەکەش لە دوو قۆناغی یاساییدا بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری پەسەندکرد .

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان  ووتوویەتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە، هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوکات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بیانی هەیە بۆ راهێنان بە دادوەران .

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حكومەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەره‌كانی چاکسازی بکات لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە .

باسی لەوەشکردووە،  وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگهێشت کراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای رۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەنی و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا .



ڕیکلام