بۆ یەکەمجار ئەمریکا تورکیای تۆمەتبار کرد بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

  2021-07-01  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تورکیای خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە منداڵان چەکدار دەکات و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەنکەرە لەو دۆسیەوە تێوەگلاوە و منداڵان بۆ گروپەکانی نزیک لە خۆی چەکدار دەکات.

لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەژێژ ناوی (بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە) بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات تورکیا لە لیستی ئەو وڵاتانەدا کە تێوەگلاوە لە بەکارهێنانی منداڵان وەک چەکدار و سەرباز.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "تورکیا پشتیوانی دیار و بەرجەستەکراو پێشکەش بە فیرقە و گروپی سوڵتان موراد دەکات لە تورکیا"، کە یەکێکە لە گروپە چەکدارە هاوکار و نزیکەکانی تورکیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماوەیەکی زۆرە تۆمەتباری دەکات بەوەی منداڵان وەک سەرباز لە ڕیزەکانیدا بەکار دەهێنێت.

ئەوەش بۆ یەکەمجارە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەوڵەتێکی هاوپەیمانی خۆی لە ڕێکخراوی ناتۆ، تۆمەتبار دەکات و دەیخاتە ڕیزی ئەو وڵاتانەوە کە بازرگای بە مرۆڤەوە دەکەن.

دەربارەی ئەو تۆمەتە کە ئاراستەی تورکیا کراوە، لێپرسراوێکی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات ڕایگەیاندووە، تورکیا هەلی لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەکدارکردنی منداڵان لە سوریا و لیبیا، لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەدا بە ڕاشکاوی ئاماژە بەوە کراوە، کە حکومەتی تورکیا کۆمەک و پشتیوانی پێشکەش بە فریقەی سوڵتان موراد کردووە لە سوریا، بۆ ئەوەی منداڵان چەکدار بکات و بیانهێنێتە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەشکراوە، ١٧ دەوڵەتی جیهان ناویان لەو لیستەدایە کە شکستیان هێناوە، لە گرتنەبەر ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدیهێنانی نزمترین پێوەرەکانی دژایەتیکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە، یاخود سیاسەتی ئەوتۆ پەیڕەو دەکەن بۆ پشتیوانیکردن لە بواری بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە.

لەناو لیستەکەدا جگە لە تورکیا، تاوی هەریەکە لە وڵاتەکانی ئەفغانستان، جەزائیر، بۆرما، چین، کوبا، ئەریتریا، گیینا بیساو، ئێران، کۆریای باکور، مالیزیا، نیکارەگوا، روسیا، باشوری سودان، سوریا، تورکمانستان، ڤەنزویلا.

بە گوێرەی یاسای ئیدارەی ئەمریکا، دەسەڵاتی هەیە بۆ سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر کۆمەک و یارمەتییەکانی بۆ ئەو وڵاتانەی کە ناویان لە لیستەدا هاتووە.

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بێهوایی خۆی دەربڕی لەسەر کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ، بە ناوی "وەستاندنی توندوتیژی لە دژی ژنان و توندوتیژی ماڵەوە ".

نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند، کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکە بۆ داوە، سەبارەت بەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی کە دەدرێت بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە دژی ژنان .

دوای بڕیارەش، بە هەزاران ژن لە تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە، وەک نارەزایی و دژایەتیکردنی بڕیاری وڵاتەکەیان، کە لەو ڕێککەوتننامەیە کشاوەتەوە، هەنگاوەکەی ئەنکەرە بووە جێگەی رەخنە و گلەییەکی زۆری هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی تورکیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.



ڕیکلام