بایدن: ئەرکی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە 31 ی ئاب کۆتایی پێدێت

  2021-07-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەرکی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە 31 ی مانگی هەشت کۆتایی پێدێت.

  دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە،  جۆبایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە وتوویەتی " ئێمە نەچووینە ئەفغانستان بۆ دروستکردنی وڵات، پێویستە ڕێبەرانی ئەفغانی پێکەوە یەکبگرن و بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن ."

هەروەها بایدن ڕەوایەتیدا بە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەنانەت لە کاتێکدا کە تالیبان بە شێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتەدا پێشڕەوی دەکات. بایدن بەو کەسانەی کە داوا دەکەن ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی لەشکییەکانی فراوانبکات ڕاگەیاند " چەندێکی تر؟ چەند هەزار کچ و کوڕی زیاتری ئەمەریکایی دەتانەوێت بخەنە مەترسییەوە؟".

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی وتووە، " من نەوەیەکی تری ئەمەریکایی نانێرم بۆ شەڕ بۆ ئەفغانستان، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانییەکی گونجاو هەبێت بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی جیاواز."

کاتێک پرسیاری لەسەر متمانە بە تالیبان لێکرا، بایدن گوتی متمانەی بە تالیبان نییە بەڵام بڕوای بە تواناییەکانی لەشکری ئەفغانستان هەیە بۆ بەرگریکردن لە حکومەتەکە ئەو گوتی " من بڕوام بە تواناکانی لەشکری ئەفغانستان هەیە، کە مەشقێکی باشتریان پێکراوە، چەکی باشتریان هەیە و لە ڕووی ئەنجامدانی شەڕەوە باشترن."

بایدن بەردەوام ڕووبەڕووی گوشارەکانی یاسادانەران دەبێتەوە بۆ ئەوەی وردەکاری زیاتربدات لەسەر چۆنییەتی خواستی بۆ هاوکاریکردنی هەزاران ئەفغانی کە لە شەڕی ئەفغانستاندا هاوکاری لەشکری ئەمەریکایان کردووە وەکو وەرگێڕ، شوفێر یان کارەکانی تر کە ئێستا ئەمەریکا دەکشێتەوە ئەوان دەبنە بە ئامانجی تالیبان.

کۆشکی سپی دەڵێت بەڕێوەبەرایەتییەکە دەزگاکانی ئەمەریکای لە دەرەوەی کیشوەری ئەمەریکا دیاری کردووە، هەروەها وڵاتانی سێهەمیش، کە دەشێت ئەو ئەفغانییانەی لێ بمێننەوە هەتا پرۆسەی ڤیزایان بۆ جێبەجێ دەکرێت. بایدن گوتیشی لەو کاتەوەی لە مانگی یەکەوە دەستبەکار بووە 2،500ئەفغانی ڤیزای تیابەتی کۆچبەرییان پێدراوە.

سەرۆک بایدن گوتی " پەیامی ئێمە بۆ ئەو ژن و پیاوانە ڕوونە، ئەگەر بتانەوێت ماڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئێوە ئامادەیە. ئێمە پشتگیریتان دەکەین هەر وەک چۆن ئێوە پشتگیری ئێمەتان کرد."

بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە پاش ڕێککەوتنێکی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ تالیبان درا. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تەواوی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان دەبێت بکشێننەوە و لە بەرامبەردا تالیبان ڕێگە نادات جارێکی تر تیرۆرستان لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا یان بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەکە 1 ی مانگی پێنج بوو، بەڵام پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک جۆو بایدن و پێداچوونەوە بەسەر دۆسییەی ئەفغانستاندا دوا مۆڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرایە 11 ی مانگی 9.

 



ڕیکلام