یەکەمجارە ھیچ کام لە سەرۆک وەزیرانی پێشوو خۆیان بۆ ھەڵبژاردن کاندید نەکردووەتەوە

  2021-07-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ یەکەمجارە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ھیچ کام لەو کەسانەی تی نییە کە پێشتر پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان بە دەستەوە بووە، ھەروەک چۆن لە ھەڵبژاردنەکانی پێشتردا ڕووی دەدا.

نەبوونی ناوی ھیچ کام لە پێنج سەرۆک وەزیرانی پێشوو لە لیستی ھەڵبژاردنەکاندا، پێشینەیەکە لەوەبەر و لە ساڵی ٢٠٠٣ نەبووە، بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستاشەوە، کە پێشتر ڕایگەیاند بە ھیچ شێوەیەک خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵ.

بەڵام خۆکاندید نەکردنی ھەریەکە لە ئەیاد عەلاوی و ئیبراھیم جەعفەری و نوری مالکی و حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەھدی و مستەفا کازمی ، بە مانای ئەوە نییە دەستبەرداری کاری سیاسی بوون.

ھەندێک لەوان خۆیان نا بەڵکو لە ڕێگەی قەوارە سیاسییەکانیانەوە بەشدارن لە ھەڵبژاردنەکاندا، عەلاوی لە ڕێگەی (بەرەی نیشتیمانی مەدەنی) و مالکی لەڕێگەی ( ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا) و حەیدەر عەبادی لە ڕێگەی ( ھاوپەیمانی نەسر) کە ھاوپەیمانی کردووە لەگەڵ ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم لەژێر ناوی (ھاوپەیمانی ھێزی دەوڵەت).

بەڵام جەعفەری و عەبدولمەھدی ھیچ قەوارەیەکی سیاسیان نییە و وازیان لە چالاکی سیاسی ھێناوە ، یەکەمیان زانیارییەکان لەسەری ئاماژە بەوە دەکەن گیرۆدەی نەخۆشی بووە، دووەمیشیان بەھۆی خۆپیشناندانەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کشاندەوە و لەو کاتەشەوە نەچووەتە ناو ھیچ حزبێکی سیاسییەوە.

سەبارەت بی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، دەیەوێت لە ڕێگەی حزبی (ئەلمەرحەلە)وە کە بەم دواییانە پێکی ھێناوە بەشداری بکات، بەڵام لەوەش کشایەوە ئەویش بەگوێرەی ئەو مەرجە سیاسیانەی کە بۆی دیاری کرا بەر لەوەی پۆستەکەی وەبگرێت.

لە زۆربەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا سەرۆک وەزیران یەکەم کەسی لیستی ھەڵبژاردنەکان بووە، بەڵام ئەمجارە ناوی ھیچ کام لە سەرۆک وەزیرانی پێشووی تیا نییە.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.



ڕیکلام