ئیدارەی خۆسەر: نیگەرانین لە داخستنی دەروازەی تەلکۆچەر لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە

  2021-07-16  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد لە باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت ھێنانە ناوەوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ناوخۆیی سوریا و داوای کرد پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە زاری عەبدولکەریم عومەر ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی بەلجیکا بە سەرۆکایەتی (ئیریک دی مونیک) لێپرسراوی دۆسیەی سوریا و نوێنەری حکومەتی بەلجیکا باسیان لە کێشە و دۆخی ناوچەکە کردووە.

عەبدولکەریم عومەر رایگەیاند، دانیشتوانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا ، ھەست بە بێھیوای دەکەن سەبارەت بە برٍیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایش ، بە داخستنی دەروازەی یەعروبیە (تەلکۆچەر)، ئەویش بەھۆی ئەو کاریگەرییە خراپەی کە ھەیەتی لەسەریان.

جەختیشی کردەوە ، پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت و ریًگەی دیکە بدۆزریًتەوە، بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەک بە دانیشتوانی ناوچەکە، ھەروەھا گەیاندنی فاکسینەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ ناوچەکە بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند دۆسییەکی دیکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، دیارترینیان پرۆسەی سیاسی لە سوریا و بەردەوامی تورکیا لە بڕینی ئاوی خواردنەوە لە شاری حەسەکە و پێشێلکارییەکانی دیکەی تورکیا.

لە بەرامبەریشدا دی مونیک ھەڵوێستی بەلجیکای دووپاتکردەوە، کە بژاردەی سەربازی دۆخی سوریا چارەسەر ناکات، دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی کە قابیلی جێبەجێکردن بێت بە باشترین بژاردە زانی، کە لە لایەن خودی سورییەکانەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بەشێوەیەک گونجاو بێت لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە ٢٢٥٤.

ھاوکات ئەو دیپلۆماتکارە بەلجییە دوودڵی خۆشی نیشاندا شەبارەت بە دۆخی منداڵان و ژنان لە کامپەکان و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ناوچەکە.

لە کۆتاییدا ژمارەیەک ژن و منداڵی چەکدارە داعشە بەلجیکییەکانی بە فەرمی وەرگرەتەوە و بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک لە نێوان ھەردوولادا ئیمزا کرا.



ڕیکلام