وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێران هەناردەکردنی هەر جۆرە دەمامکێکی بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغەکرد.
میدیاکانی ئێران لەزاری جەمشید گوڵپوور سکرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، بڕیاریانداوە هەناردەکردنی هەموو جۆرەکانی دەمامک بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێران هەوڵەکانی بۆ بەرهەمهێنانی دەمامک چڕکردووەتەوە و داواشی لە بەرهەمهێنەران کرد، بەپێی نرخی پەسەندکراو، دەمامکی ستاندارد بەرهەمبهێنن .
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێران دوای ئەوە دێت کە ماوەی چەند رۆژێکە بەکارهێنانی دەمامک لەو وڵاتە بەزۆرەملێ کراوە و بەپێ میدیاکانی ناو خۆی ئێرانیش، نرخی دەمامک لەم چەند رۆژەدا ٣٠٪ بەرزبووەتەوە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٤٣ هەزار و ٥١ کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ١١ هەزار و ٧٣١ کەس گیانیان لەدەستداوە.