ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بەیاننامەیەكی سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بڵاوكردەوە

  2020-07-06  | 
سەنگەرێکی پێشووی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوری کەرکوک
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند لە گفتوگۆكانیاندا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە نەكراوە بۆ كەركوك .

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە "فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، كۆبوونەوەی كردووە لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە و گفتوگۆكراوە لەسەر بابەتە مەیدانییە گرنگەكانی تایبەت بە ناوچە سنورییەكانی نێوان پاسەوانانی هەرێم و هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی بە دریّژایی هێڵی نێوانیان، هەروەها ئەو كەلێن و بۆشاییە ئەمنییانەی كە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە سودی لێوەرگیراوە ".

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، دیدارەكە كۆبوونەوەیەكی زۆر باش بووە و ئامانج لێی هەماهەنگی بووە، بۆ چارەسەركردنی كێشە و رێگرییەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەرقەراركردنی ئاسایش لەناوچانەی كە دەچنە ناو سنوری هێزە فیدراڵییەكان بۆ لەناوبردنی تیرۆر.

لەبەیاننامەكەدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق جەختیكردووەتەوە  "بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆ نەكراوە لەسەر بابەتی گەڕانەوەی پیِشمەرگە بۆ شاری كەركوك و ناوچەكانی دیكە، كە وەك لایەنێكی سیاسی پڕوپاگەندەی بۆ دەكات ".

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا داواشی لە میدیاكان كردووە، لەسەرچاوەی فەرمی و باوەڕپێكراوەوە  زانیاری وەربگرن كە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە  هاوبەشەكانە، یان شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی یاخود وتەبیژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و دووربكەونەوە لەوەی ڕای گشتی بە لاڕێدا بەرن و هەواڵ و چیرۆكی درۆ و دوور لە ڕاستی دروست بكەن .

ئەوەش لە كاتێكدایە لە هەندێك میدیاوە بڵاوكرایەوە كە گوایە حكومەتی عێراق ڕێگەی داوە بە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ شاری كەركوك و ناوچەكانی دیكە كە پێشتر لێی بوون .



ڕیکلام