توركیا تا ئێستا 38 بارەگای ئاشكرای لە سنوری دهۆك و هەولێر كردووەتەوە

  2020-07-07  | 
سەربازێکی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەگوێرەی نوێترین نەخشەی توركیا ئەو وڵاتە تا ئێستا 38 بارەگای لە سنوری هەولێر و دهۆك داناوە هیچ بارەگایەكی لە سنوری سلێمانیدا تائێستا بەشێوەیەكی ئاشكرا جێگیر نەكردووە.

لە تویتێكدا سەرۆكایەتی كۆماری توركیا نوێترین نەخشەی هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە و تیایدا ئاشكرایدەكات 38 بارەگای سەربازیان لە هەرێمدا هەیە. 
سەرۆكایەتی توركیا ئەوەی ئاشكرا كردووە نەخشەكە دواین پێشكەوتنەكانی هێزەكانیانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 6ی تەمووز شوێنی بارەگا سەربازییەكانی توركیا و بارەگای گەریلاكانی پەكەكەی تێدا ڕوونكراوەتەوە. 
بەگوێرەی نەخشەكە بارەگاكانی توركیا  لە سەرجەم سنوری دەسەڵاتداری پارتیدا بونیان هەیە و لە سنووری سۆرانەوە تا سنوری زاخۆ لەخۆدەگرێت، هاوكات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیك هەولێر و باشیك و دهۆك دەستنیشان كردووە.
هەر لەو نەخشەیەدا سنوری ناوچەی ژێر فەرمانڕەوایی پەكەكەی دیاریكردووە، كە هەریەكە لە كەمپی مەخمور و شنگالی بە شوێنی مانەوەی گەریلاكانی پەكەكە دیاری كردووە. 
 وەزارەتی بەرگریی توركیا لە رۆژی 15مانگی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی لەژێر ناوی (چڕنووكی هەڵۆ) بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكرد دواتریش ئۆپەراسیۆنی زەمینیی بەناوی (چنگی پڵنگ) دەستپێكردووە و تا ئێٍستاش بەردەوامە. 


ڕیکلام