سعودییە چۆن دەستی گەیشتە چەکی ئەتۆمی؟

  2023-02-15  | 
دۆسیە:  سعودییە
 تۆڕی هەواڵی ژیان

خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانە
بەڵام تا ئێستا بە فەرمی نەبووەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
ئێرانی ڕکابەری چەند هەنگاوێک لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دوورە
سعودییەش بە نهێنی ساڵانێکە کار بۆ بەدەستهێنانی دەکات

سعودییە چۆن دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؟

لە سێپتەمبەری ٢٠١٩ سعودییە ڕایگەیاند پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدەن، لەپێناو پێشخستنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێنی ئەتۆمی

پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم خاڵی ناکۆکی نێوان ڕیاز و واشنتن بوو، بە تایبەت لەبەر لێدوانەکانی پێشووی محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٨ ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئێران هەنگاو بەرەو چەکی ئەتۆمی بنێت، ئێمەش هەمان کار دەکەین

هەرچەندە لەدوای ئەوە، چەندجارێک سعودییە ڕوونکردنەوەی دا کە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنها لەپێناو فرەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی وزەیە،  بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگا بە ڕووی بەکارھێنانی سەربازیشدا دەکاتەوە

دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەناو خاکی پاکستان

لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان دەڵێن "ئەگەر سبەی ئێران بووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆ ڕۆژی دواتر سعودییەکان هەمان چەک لە پاکستان دەکڕن، یاخود پەرە بەو پرۆگرامە ئەتۆمییەی پاکستان دەدەن کە سعودییە ماوەی ساڵانێکی درێژە بودجەی بۆ دابین کردووە"

دەزگای ھەواڵگری بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە "سعودییە دەبێتە وڵاتێکی ئەتۆمی ھەر ساتێک کە خۆی بییەوێت"

لێکدانەوەی ئەم ڕستەیە ئاسانە، لە سایەی پەیوەندییە بەھێز و درێژمەوداکانی سعودییە لەگەڵ پاکستان، ترس لای وڵاتانی دیکە دروست بووە، کە سعودییە ڕێگای پاکستانی ھەڵبژاردبێت تاکو بە خێراترین ماووە بگاتە چەکی ئەتۆمیی

بێگومان بەھۆی ئەو ڕابردووەی پاکستان هەیەتی لەگەڵ چەکی ناوەکی، ئاسانترین ڕێگا بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە، بەڵام هێشتا چەندین جۆر ئەگەر هەیە، ئایا بەڕاستیی ئەو کارە سەرکەوتو دەبێت؟

هەرچۆنێک بێت، تا ئێستا بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆگرامیی ئەتۆمیی پاکستانەوە هەبێت، لە یەکەم تاقیکردنەوەیەوە لە ساڵی ١٩٩٨ تاکو ئێستا

ئەمە قسەی سعودییەکان بوو
بەڵام ڕاپۆرتە بیانییەکان وا ناڵێن، بەڵکو سعودییە وەک پاڵپشتیکاری سەرەکی پاکستان لەو بوارە دادەنێن

ڕاپۆرتەکان دەڵێن، ئەو کاتانەی پاکستان بەشێکی زۆری بودجەی وڵاتەکەی بۆ پرۆژەی چەکی ئەتۆم و دروستکردنی موشەکی دوورمەودای ستراتیژی خەرج دەکرد، سعودییە دەهات بە پارەی خەیاڵی کورتهێنانی ناوخۆی پاکستانی پڕدەکردەوە

دەزگای هەواڵگری وڵاتان، هاوکارییەکانی سعودییە بۆ پاکستان لەم بوارەدا بە لانی کەمی ٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن
ئەم هاوکارییە تەنانەت لە دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمریکاش بەردەوام بوو بۆ سەر پاکستان
هەر ئەوکات، وەزیری بەرگری سعودییە شازادە سوڵتان عەبدولعەزیز، چەند جارێک سەردانی کارگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی کرد لە شاری کاھۆتای پاکستان 
هەروەها سەردانی چەندین کارگە و تاقیگەی لێکۆڵینەوەی سەربازی پاکستانی کرد

هەروەها چەند جارێکیش زانای بەناوبانگی پاکستانی (عەبدولقەدیر خان) کە بە باوکی ئەتۆم ناسراوە، سەردانی سعودییەی کردووە، بەڵام ناوەڕۆکی هیچ کام لە سەردانەکانی ئاشکرا نەکراون

بوونی عەبدولقەدیر لەم پەیوەندی ئەم دوو وڵاتەدا، شتێکی کەم بەها نییە، بەڵکو سەلمێنەری پەیوەندی پتەوی نێوان پاکستان و سعودییەیە لە بواری ئەتۆمدا، چونکە عەبدولقەدیر خان، تەنھا سەردانی ئەو وڵاتانەی کردووە کە بە ھاوکاری پاکستان ھەوڵی بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمییان داوە

بۆ نمونە لە ڕابردوودا، کاتێک لیبیای سەردەمی موعەمەر قەزافی هەوڵی دروستکردنی چەن یەکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی دەدا، عەبدولقەدیر خان ڕاسپێدرا بۆ سەرپەرشتنی، بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانی لیبیاوە نەگەشتە ئەنجام


ئیسرائیل هەرچەندە ئێستا خۆی وەک دۆست و خاوەن پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ سعودییە دەردەخات، بەڵام ترسی خۆی لە بوونی پەیوەندییەکی لەو شێوەیە لەنێوان سعودییە و پاکستان ناشارێتەوە

ماڵپەڕی دیبکای ئیسرائیلی کە ماڵپەڕێکی سەربازییە، دەڵێت پرۆژەکەی نێوان سعودییە و پاکستان نەک لە قۆناغی سەرەتایدا نییە، بەڵکو گەیشتوەتە کۆتایی، پاکستان دوو کڵاوەی ئەتۆمی کە بەستراون بە موشەکی جۆری (گۆری ٣) بە مەودای ٢٣٠٠ کیلۆمەتر، ڕادەستی سعودییەکانی کردووە

موشەکەکانیش ئێستا لە بنکەی سولەیل لە باشوری ڕیاز جێگیر کراون



ڕیکلام