مەسرور بارزانی لە فەڕەنسایە و مەترسی لەسەر مووچە هەیە

  2023-02-19  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان


مەسرور بارزانی داوا لە فەرەنسا دەکات کێشەی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەر بکەن
پاریس چی پێیە پێشکەشی بکات؟
ئایا حکومەت مووچەی پێ دەدرێت؟

ئەمە مانشێتی ڕۆژنامەی العرەبی چاپی لەندەنە، کە لە راپۆرتێدا باس لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکات، کە بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دەستەوەستانە لە چارەسەرکردنیدا، هەر ئەمەش وایکردووە مەسرور پەنا بباتە بەر فەڕەنسا و داوایان لێبکات کێشەی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەر بکەن

ڕۆژنامەکە لە زاری ژمارەیەک ناوەندی سیاسی عێراقییەوە ئەوەی خستووەتە ڕوو، کە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ پاریس، ئامانجی لێی داواکارییە لەو وڵاتە بۆ نێوەندگیری کردن لەنێوان حکومەتی هەرێم  و حکومەتی بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەیسانەی ڕێگرن لە گەیشتنە ڕێککەوتنی هەردوولا

پێشووتر پارتی لە ساتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوەند هەڕەشەی کشانەوەی لە حکومەت و پرۆسەی سیاسی عێراق دەکرد، بەڵام ئێستا کە دۆخێکی جیاواز هاتووەتە پێش، پارتی بوێری بەکارهێنانی کارتی کشانەوەی نییە و هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە گەر جارێک زیان بێت بۆ عێراق، ئەوا زیانەکەی بۆ هەرێم بە چەند قات زیاترە

بۆیە مەسرور بارزانی ناچار بووە پەنا بباتە بەر فەڕەنسا و گرەو لەسەر ئەو پەیوەندیە باشە دەکات کە پاریس و بەغداد هەیانە، هەروەها فەڕەنسا پێویستی بە سەقامگیری هەیە لە خاکی عێراق و کوردستاندا ، تاکو وەبەرهێنانەکانی لە بواری وزەی ناوچەکە نەکەوێتە مەترسییەوە

بەڵام ئەم پرۆسەیە لەوانەیە ھەر لە سەرەتاوە لەمپەری گەورەی بێتە پێش، بەهۆی ئەوەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم هێزە سیاسیەکانی نزیک لە ئێرانە و بەهێزترین لایەنی ئێستای ناو هاوکێشەی سیاسی عێراقییە، وا دەرناکەوێت کە ئامادەیی دەرببڕێت یاخود ویستی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەولێر، بە تایبەت کە نێوەندگیرەکەش فەڕەنسا بێت

ئەمە لەکاتێدایە لەکاتی ڕێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەت، محمد شیاع سودانی بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دابوو لەنێوان لایەنی شیعە و لایەنی کوردی لە ناوخۆی خۆیاندا و هەردوو لایەنەکەش بەرامبەر یەک هەیانە، کە ماوەی ساڵ و نیوێک بەربەستی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد بوو، هەروەھا ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیران بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە سودانی تیمێکی یاسایی باڵای ڕاسپاردووە کە دەرچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم بەبێ پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، بەڵام لە راستیدا محەمەد شەیاع دەسەڵاتی یەکلاکردنەوە و چارەسەکردنی کێشەکانی نییە، بەڵکو چوارچێوەی هەماهەنگی خاوەنی بڕیاری سەرەکی و کۆتاییە لەم کەیسەدا و لەپشتی چوارچیوەی هەماهەنگیش، ئێران هەیە، کە هەڵوێستی ئێرانیش بە ڕوونی دیارە بەرامبەر هەرێم، بە تایبەت کە لە ساڵی ڕابردوو چەن جارێک لەڕێی هێرشی موشەکییەوە هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی بەرامبەر هەولێر ئاشکراکرد

ڕۆژنامەکە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، درێژبوونەوەی ماوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت، بە زیان بەسەر حکومەتی هەرێمدا دەشکێتەوە، لەوانەیە لە سایەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، حکومەت توانای پێدانی مووچەی بە تەواوەتی نەمێنێت