لیژنەی نەزاهە نوێكردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی مۆبایل ڕەتدەكاتەوە

  2020-07-08  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارێكی حكومەتی عێراقی رەتكردەوە بە نوێكردنەوەی گرێبەستی کارکردنی كۆمپانیاكانی مۆبایل و دەبێت چەند مەرجێكیان بەسەردا بسەپێنرێت .

لەبەیاننامەیەكدا لیژنەی نەزاهە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، نوسراویان بۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردووە وجەختیانكردووەتەوە بە ڕەتكردنەوەی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیاكانی مۆبایل و داوایانكردووە گۆڕانكاری بنەڕەتی بكرێت بە تایبەت بەرزكردنەوەی ڕێژەس قازانجی بەشداربوون بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی بگاتە لە 75% و بەشداریكردنی دیوانی چاودێری دارایی لە حسابكردنی قازانەكان .

لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان عێراق داواشیكردووە، خاوەندارییەتی هێڵەكانی مۆبایلی ئاسیا سێڵ و كۆڕەك تیلیكۆم  و زەین ئاشكرا بكرێن، لە عێراقییەكان وكەسانی بیانیش كە پشكیان هەیە لەو كۆمپانیایانەدا .

داواشیكردووە بەندێك بۆ گرێبەستەكان زیاد بكرێت، بەوەی ڕێگە بدرێت بە وەزارەتی پەیوەندییەكان بۆ لێپرسینەوە لە كۆمپانیاكانی مۆبایل و سزادان و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی كاركردن، ئەگەر هاتوو خزمەتگوزارییەكانیان وەك پێویست نەبوو بە تایبەت خزمەتگوزاری  4G.

لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان داواشیكردووە، سەرجەم قەرزەكانی سەر كۆمپانیاكانی مۆبایل وەربگیرێتەوە بە سزاكانی دواخستنی و ئەو سودانەی كە لەسەری كەڵەكە بووە، بە ئامانجی پشتیوانیكردن لە خەزێنەی دەوڵەت و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە زۆرەی كە تووشی بووە .

هەروەها داواشیكردووە سەرجەم ئەو هێڵانەی مۆبایل بوەستێنرێت كە زانیارییەكانی ناڕوونە و جێی متمانە نیین لە ماوەی یەك مانگدا، تەنانەت بەشداری پێكردنی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی بۆ چاودێریكردنی هەڵوەشانەوە و راگرتنی ئەو هێڵانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بەكارهێنەرانیان .



ڕیکلام