ئەندامێکی پەرلەمانی كوردستان: دەركەوت كە حكومەتی هەرێم بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان باج لە هاوڵاتیان و خاوەن كاران وەردەگرێت، كە وەك سەرانە وەرگرتن وایە. 
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            لەو بارەیەوە كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوای بەدواداچوون و گرتنەبەری كۆمەڵێ رێكاری یاسایی و پەرلەمانی، دەركەوت كە حكومەتی هەرێم بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان باج لە هاوڵاتیان و خاوەن كاران وەردەگرێت، كە وەك سەرانە وەرگرتن وایە. 
كاروان گەزنەیی راشیگەیاند: ئەم جۆرە لە شێوازی پارەوەرگرتن لە خەڵك، بۆ مەبەستێكی دیاریكراوە و ئامانجیان ئەوەیە بەم رێگایە دەست بەسەر بازاڕ و كار  كەسابەتدا بگرن لە بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبی و شەخسییەكانیان، وە كۆمپانیا و خاوەنكارەكانی كوردستان ناچار بكەن لە ژێر ئەو فشارەدا هەرێمی كوردستان جێبهێڵن. 
گەزنەیی روونیدەكاتەوە كە ئامانج لەو سەرانە وەرگرتنە داخستنی كارگەكانە لە هەرێمی كوردستان و بەڵگەش ئەوەیە كە تا ئێستا لە كۆی چوار هەزار كارگە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو هەزار كارگە داخراون، چونكە حكومەت پاڵپشتیان ناكات و زەڕیبەیەكی زۆریان لێ وەردەگرێت كە دەچێتە گیرفانی كۆمەڵێ شەخسەوە.
 ئاشكراشیكرد: داخستنی ئەو ژمارە زۆرەی كارگە بەهۆی زۆری باجەوە، وایكردووە رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بەرزبێتەوە، بەشێوەك خەریكە نزیك دەبێتەوە لە 20%، ژمارەی گەنجانی بێكاریش لە هەرێم لە یەك ملیۆن كەس زیاتر دەبێت.
 لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: بەداخەوە بێبەرنامەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك، كە فشارێكی زۆر دەخاتە سەر خاوەن كارگە و خاوەن كار و خاوەن پیشە جۆراوجۆرەكانی تر، وە هەموو ئەو باجانەی بەبێ یاسا و رێنمایی وەردەگیرێن، ئەگەر كەسێك دەسەڵاتی هەبوو دەتوانێت لێخۆشبوون وەربگرێت و ئەگەر دەسەڵاتت نەبوو وەك مافیا پارەت لێ دەسەنن