بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق و وەفدێکی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە دیدارێکدا کە بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کرا و جەخت لە پشتیوانیکردنی پرۆژەی نیشتمانیی عیراق کرایەوە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد لەبەرامبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و داوایکرد، ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عیراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات. وتیشی، دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەکەی خزمەت بکرێت. لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەش بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابووری و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراوبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و وتیشی، جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە و بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبێت. وتیشی، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێت و هەمووان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاو بنێن.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی جەختیشیکردەوە، یەکێتی یەک ئاڕاستە و یەک بڕیاری هەیە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال لەبەرامبەر پرسەکان پەیڕەو دەکات، دەشمانەوێت لەگەڵ دۆستەکانمان پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین و باوەڕمان بە شەراکەت و هاوبەشێتی راستەقینە و گیانی پێکەوەیی هەیە.
هەر لە دیدارەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق وێڕای ئەوەی سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی کرد لەبەرامبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنیان لە عیراق و سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت و رایگەیاند، ئەو میراتە دەوڵەمەندەی سەرۆک مام جەلال جێیهێشتووە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و گرنگە تا هەموولایەک پێوەی پابەندبن. وتیشی، سەقامگیریی سیاسی عیراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەمووان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی هەبێت.