فاینانشەڵ تایمز: عێراق دۆسیەیەکی مێژویی لەبارەی نەوتی هەرێم لەتورکیا بردەوە

  2023-03-26  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی فاینانشەل تایمزی بەریتانی: عێراق دۆسیەیەکی یاسایی مێژویی لەتورکیا بردەوە لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی هەرێم, کە حکومەتی فیدراڵ لەبەغداد ساڵانێکی زۆرە بە نایاسایی ناویدەبات.

عێراق و تورکیای دراوسێی, کەوتنە ململانێیەکەوە کە (٩)ساڵی خایاند, لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەحکومەتی هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆ, کە لەو ناوچە کوردیەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی دەکرا.

لەو دۆسیەیەی کە لەدادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی تاوتوێکرا, عێراق بانگەشەی ئەوەیکرد  تورکیا بەڕێگەدان بە ھەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی بەغداد, ڕێککەوتنی پەڕینەوەی هێڵی بۆرییەکانی ساڵی (١٩٧٣)ی پێشێلکردووە.

دادگاکە کە بارەگەکەی لەپاریسە, فەرمانیکردووە تورکیا (یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار) بدات بەعێراق, ئەوەش بڕە پارەیەکە زۆر کەمترە لەوەی بەغداد داوایدەکات.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق, بڕیارەکەی دادگا ئەوەی سەلەماندووە, کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) تاکە لایەنە کە ئیدارەی هەناردەکردنی نەوت دەدات بۆ بەندەری جەیهان.

هەناردەکردنی نەوت شادەماری ژیانی ئابوری هەرێمی کوردستانە, ساڵانێکە هەرێم ناڕوونی لەدەستوری عێراق قۆستوەتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و پاراستنی داهاتەکانی وەک ئامرازێکی پارێزگاریکردن لەجۆرێک سەربەخۆیی دارایی لەبەغداد.

ساڵی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان توندبووەوە دوای ئەوەی بەغداد هەوڵیدا هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت, ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە پیشەسازی نەوتی لەهەرێمی کوردستان بەنادەستوری دانا.


ڕیکلام