تورکیا بۆچی گەشتە فڕۆکەوانیەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت؟

  2023-04-06  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان

کێن ئەوانەی بە هەڵوێستەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی سەغڵەت بوون؟
بۆچی دوو ئابڵوقە خرابوویە سەر سلێمانی و خەڵکەکەی؟
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵ و خەباتی خۆی لە باشووری کوردستان چڕکردووەتەوە و کۆڵەکەی پشت ڕاپەڕین و ڕاوەدونانی بەعس بوو لە کوردستان، بەڵام ئەمە ڕێگرنەبووە لەوەی هاوکار و هاوخەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت
لە قۆناغە جیاوازەکاندا پاڵپشتی خەباتی سێ پارچەی دیکەی کوردستان بووە، لەوکاتەی یەکێتی لە سەروبەندی شۆڕشی ئێراندا، لە یەک سەنگەردا لەپاڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵات شەڕی دەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەکانی لە چوارچێوەی قیادە موەقەتە و لەپاڵ هێزەکانی ئێران، هێرشیان کردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دزڵی و شنۆ کە بەدەستی هێزە کوردییەکانەوە بوون، ئەو شارانەیان لە هێزە کوردیەکان سەندەوە و ڕادەستی دەسەڵاتی ئێرانیان کرد

کاتێکیش پارتی دیموکرات و سەرۆکەکەی لەگەڵ دەوڵەتی قوڵی تورک و نەتەوەپەرستەکان سەرقاڵی پلاندانان بوون بۆ لێدان لە شۆڕشی باکوری کوردستان،  ڕەوانشاد مام جەلال بووە نێوەندگیر لەنێوان تورگوت ئۆزال سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا و سەرکردایەتی پارتی کرێکاران و بەوهۆیەوە ئاگربەست ڕاگەیانرا لەنێوان ئەو دوو لایەنە
لەدوای ساڵی ٢٠١١ــەوە و کاتێک خۆری دەسەڵاتێکی خۆسەری کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستانەوە سەری هەڵدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، توانای ماددی، مەعنەوی، سەربازی و هەواڵگری خۆی خستە خزمەت سەرپێخستنی ئەو قەوارە کوردییە، هەر لە هەمان کاتدا پارتی بە پیلانی تورکیا خەریکی خەندەق لێدان بوو لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوادا تاکوو ڕێگربێت لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو ناوچەیە، بە پارەی نەوتی هەرێم و بە فەرمانی تورکیا چەندین گروپی چەکدار دروست دەکرێت بۆ تێکدانی دۆخی ڕۆژئاوا لە ناوخۆدا
بێگومان ئەم کارانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپێناو پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە، باجەکەشی داوە ، بە دوو جۆر ئابڵوقە خراوەتە سەر یەکێتی و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حزبەکە، جارێک بە دەرکردنی نوێنەرەکەی لە تورکیا و جارێک بە ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و نەدانی ڤیزا بە دانیشتوانی سنووری پارێزگای سلێمانی

لە ناوخۆشدا پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتەکەی کە بە ئاشکرا ئابڵوقەیان خستووەتە سەر سلێمانی
بەڵام ئەمانە نەک نەیانتوانی یەکێتی لە هەڵوێستەکانی سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی کوردستان سارد بکاتەوە، بەڵکو زیاتر سووری کرد لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا
پەیامی نەورۆزی بافڵ جەلال تاڵەبانی،سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جارێکی تر گڕی لە نەیارەکانی کوردستان و ئەڵقە لەگوێکانی بەردا
 کاتێک سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد و لەبەردەم زیاد لە ملیۆنێک ئامادەبوودا، داوای لە گەلی کورد کرد کێشەکانیان بخەنە لاوە و هەموویان بۆ بەرژەوەندی گەل خەبات بکەن
 هەروەها داوای ئازادکردنی گیراوە سیاسیەکانی کورد کرد کە ماوەی ساڵانێکی درێژە دەستگیرکراون و ڕێگری لە سەردانی پارێزەر و پزیشک کراوە بۆ لایان.
چەند ڕۆژێک پاش ئەوە، بەشداریکردنی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر بە نوێنەرایەتی بافڵ تاڵەبانی لە پرسەی شەهیدانی ڕۆژئاوا کە لە ڕووداوی کەوتنی دوو هێلیکۆپتەر شەهیدبوون، دووبارە بووەوە هۆی سەغڵەتبوونی ئەو وڵاتانە و سەغڵەتبوونەکەش بە ئاشکرا بە ئەڵقە لە گوێکانیانەوە دەرکەوت.

لە کۆتایشدا شەوی ڕابردوو، تورکیا گەشتە فڕۆکەوانیەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت و جارێکی دیکە ئابڵوقەی خستەوە سەر فڕۆکەوانیی ئەو شارە.
ئەم هەڵوێستە لەخۆڕا نییە و هاوکاتە لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم بە عێراق و بێبەشبوونی تورکیا لەو نەوتەی کە ماوەی ١٠ ساڵە بە تاڵان پێی دەفرۆشرا، چونکە لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە بەشێوەیەک کە هەموو داهات لەدەستی حکومەتە تڕە کەڵەکەکە کۆنەکرێتەوە، کۆتایی دێت بەو ئابڵوقەیەی کە ١٠ ساڵە لەسەر سلێمانی دایناوە و ئەو کارتەی دەستی پارتی و ئاغاکانیشی دەسوتێت.


ڕیکلام