حکومەتی قەرزدار دووبارە قەرزدەکاتەوە

  2023-04-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

حکومەتی هەرێم سەرچاوەی داهاتی نەوت بوو قەرزی دەکرد
ئەی ئێستا کە ئەو سەرچاوەیەی وشک بووە چی دەکات؟
رۆژی ٢٣ی ئازار بوو کاتێک کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژوەندی عێراق و دژ بە تورکیا بڕیاریدا
دۆسیەکەش هەناردەی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو
دوو رۆژ دوای ئەوە و لە ٢٥ی ئازاردا، هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە راگیرا
لەو کاتەوەکە کە نزیکەی ٢٠ رۆژ تێپەڕیووە، دڵۆپێک نەوتی هەرێم نەچووەتە بەندەری جیهان و هەناردەی دەرەوە نەکراوە
بۆیە داهاتی نەوتی هەرێم وشکی کردووە
هەرچەندە کە مەسرور بارزانی لەگەڵ سودانی گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ رادەستکردنی مەلەفی نەوت بە بەغدا لەبەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژەی بودجەی عێرقدا کە بۆ ٣ ساڵی داهاتوو دەبێت
بەڵام، لەم ٢٠ رۆژەدا نەبوونی داهات تەنگی بە حکومەتی هەرێم هەڵچنیوە
ناچار، حکومەت پەنا دەباتە بەر تەنها چارەسەر کە ئاشنای بێت
ئەو چارەسەرەش قەرزکردنە، وەک چۆن لە رابردوودا کراوە
حکومەتی هەرێم ئاشناییەتییەکی زۆری لەگەڵ قەرزکردندا هەیە
پێشتریش و لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی داعشدا، حکومەت پەنای بردە بەر قەرزکرد
هاوڵاتییانی هەرێم ئاگاداری کاری وەها نەبوون، تا ئەوەی لە ناکاو ٣٠ ملیار دۆلاری قەرزی سەر حکومەتی هەرێم ئاشکرابوو 
بەڵێ، لە ماوەی سێ ساڵدا، حکومەت ٣٠ ملیار دۆلاری قەرز کرد و وەک دەشیانوت، بۆ بودجەی پاشکەوتکرا بەکارهێنراوە
ئەوکات، تاکە بیانووی قەرزەکە جەنگی داعش و قەیرانی ئابووری بوو
بەڵام لە راستیدا، ئابوری سەربەخۆ گۆمەزەکەی نایەوە 
تا سەرهەڵدانی داعش، هەرێم نەوتەکەی سەربەخۆ دەفرۆشت، تازە بە تازەش ئاشکرابووە کە داهاتی ھەر مانگێکی ئەو نەوتە ملیاران دۆلار بووە
هەرچۆنێک بێت، ئەوکات بیانوویەک هەبووە بۆ قەرز
ئەی ئێستا؟ کە هیچ بیانویەک نییە و لە قەیرانی ئابوریشدا نیین؟
ئێستا و دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و بەهۆی ئامادەنەبوونی پڕۆژەیاسای بودجە
دووبارە حکومەت دەستدەکاتەوە بە قەرزکرد
ئێستا قەرزەکان ٣٢ ملیار دۆلارن لەسەر هەرێمی کوردستان
بەڵام حکومەت عاری نەناوە و قەرزی دیکەش دەکات
ئەمجارە، داوای لە ٤٠٠ ملیار دینار کردووە لە حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە
ئەمە ئەو ٤٠٠ ملیارە نییە کە مانگی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵی ناردی
بەڵکو ٤٠٠ ملیاری دیکەیە و حکومەتی هەرێم بە قەرز داوای کردووە
دەبێت حکومەت ئەم قەرزەی بۆ چی بێت؟ ئەگەر بۆ دابەشکردنی مووچەیە ئەی چی لە داهاتی ناوخۆ دەکات؟ 
ئەگەر داهاتی ناوخۆ بەشی دابەشکردنی مووچە دەکات بۆ لەو پارە مووچە دابەشناکات؟
ئەم هاوکێشەیە سەیرە و کەس سەری لێدەرناکات
یان ئەوەتا ھەر ئەوەیە کە حکومەت فێری قەرز بووە و نایەوێت پارە نوستووەکانی هەژمارە بانکییەکانی دەرەوەی هەرێم خەبەر بکاتەوە
بەڵێ خۆ هەموومان دەزانین بە ملیاران دۆلاریان لە سامانی ئەم خاکە لە هەژمارە بانکیەکاندا حەشارداوە
هیچ نەبێت بڕێکی کەمی ئەو پارانە بەکاربهێنن بۆ ئێستا کە کاتی پێویستییە
هەرچیەک بێت باشتر دەبێت لە قەرزکردن
دوای راگرتنی نەوتی هەرێم، جوتیار عادل کە گوایە وتەبێژی حکومەتە، هاتە سەر شاشەکان و وتی شوێنگرەوەی دیکەیان دەبێت بۆ داهاتی نەوت
و ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوت درێژەی کێشا هەر بەو شوێنگرەوانەش مووچەی فەرمان دابەشدەکەن
با بپرسین ئەو شوێنگرەوەیە چییە؟ ئێمە هیچمان لە خەیاڵدا نییە
بەڵام گومانمان بۆ قەرز کردن دەچێت 
تا رادەیەکی زۆریش دڵنیاین کە هەر قەرزەکەیە
ئەمانە ئەوەندە قەرز دەکەن تا ئەگاتە ئەوەی تا ئاستی ئەژنۆمان لە قەرزدا نوقوم دەبێت و لەکۆتاییدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی
دەخەنەوە سەر ساجی عەلی
چونکە، ئێمە حکومەتی بێنە بێنەین، نەک بێنە و ببە.


ڕیکلام