ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری کۆبوەوە و ڕایگەیاند: پێیان وایە ئەو كۆبوونەوەیەی پەڕلەمان و ئەو دەرئەنجامانەی لێی كەوتووەتەوە لەسەر كۆمیسیۆن، جێگەی سەرنج و ڕەخنەن و مەترسیان هەیە ئەم جۆرە كارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات .
دەقی ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری:
كۆمەڵی دادگەری كوردستان نیگەرانە لەو بارودۆخەی لە پەڕلەمانی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و پارتە دەسەڵاتدارەكان نەیانویست لە ماوەی یاسایی تەمەنی پەڕلەمان كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكەنەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت، تا بەشێوەیەكی نایاسایی ماوەی پەڕلەمان درێژ كرایەوە و بەو هۆیەوە و وەك هەڵوێست و دەربڕینی ناڕەزایەتیی فراكسیۆنی كۆمەڵ و چەند فڕاكسیۆن و پەڕلەمانتارێكی دیكە دەستیان لە كار كێشایەوە.
لەم قۆناغەدا و لە پرسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كۆمەڵی دادگەری پێی وایە ئەو كۆبوونەوەیەی پەڕلەمان و ئەو دەرئەنجامانەی لێی كەوتووەتەوە لەسەر كۆمیسیۆن، جێگەی سەرنج و ڕەخنەن و مەترسیمان هەیە ئەم جۆرە كارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات .
تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری لەپێناو گێڕانەوەی هیوا و متمانە بۆ هاووڵاتیان و ئامادەبوونیان لەبەردەم سندوقەكانی هەڵبژاردن و كۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی دەسەڵات بەسەر هاوڵاتیانیدا هێناوە، ئامادەیی بۆ یەكخستنی هێز و دەنگە ناڕازییەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەیە و كاریشی بۆ دەكات.
سەبارەت بە پرسی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانیش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ئەو بڕیارانەی لیژنەی دارایی لەسەری ڕێككەوتوون و ئەو ڕاجیایی و ناكۆكییەی لەنێوان لایەنەكان دروست بووە، كۆمەڵی دادگەری پێی وایە بودجە ڕەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پەیوەستە بە هەموو تاكێكی عێراق و كوردستانەوە، دەبوو نوێنەرانی كورد لە فڕاكسیۆنە جیاوازەكان لەسەر بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیانی كوردستان لە بودجەدا دوور لە موزایەدە و بازرگانی لەسەر حسابی هاووڵاتی، یەكدەنگ بوونایە.