هێنانەوەی تەرمی شێخ محەمەد كەسنەزانی دوا دەكەوێت

  2020-07-10  | 
سلێمانی
شێخ سامان،شێخ مارف بەرزنجی، كەسی نزیكی شێخ محەمەد و یەكێك لە رێكخەرانی مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی شێخ محەمەد كەسنەزانی
 دڵشاد سەید عەلی
هەرچەندە پێشتر راگەیەندرابوو كە بڕیارە لە كاتژمێر 1.30ی ئەمڕۆ تەرمی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی، بگاتەوە شاری سلێمانی بەڵام وادەكەی دواكەوت بۆ كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ.

شێخ سامان،شێخ مارف بەرزنجی، كەسی نزیكی شێخ محەمەد و یەكێك لە رێكخەرانی مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی شێخ محەمەد كەسنەزانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند:  هەرچەندە وا بڕیاربوو ئەمڕۆ لە كاتژمێر 1.30ی نیوەڕۆ تەرمی شێخ محەمەد بگاتەوە شاری سلێمانی بەڵام بەهۆی دواكەوتنی گەشتی فرۆكە لە ئەمریكاوە بۆ ماوەی یەك كاتژمێر وادەكەی كاتژمێرێك دوا كەوتووە و دوای ئەوەش فرۆكەكە لە ئەڵمانیا دەنیشێتەوە بە مەبەستی پڕكردنەوەی بەنزین، هەركاتێك لەوێ بەڕێكەوتن بە دیاریكراوی دەزانرێت كەی دەگاتەوە ئێرە بەڵام پێشبینی دەكەین كاژمێر 3 بێت. 
ئەو لەبارەی شوێنی بەخاكسپاردنی تەرمی شێخەكەیان وتی: لە سلێمانی لە تەكیەكەی خۆیدا دەنێژرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر وەسیەتی خۆی وتویەتی یان لە سلێمانی یان لە بەغدا بەخاكی بسپێرن، هەوڵێكی زۆریش هەبووە لەلایەن دەروێشەكانی بەغداد و خواروی عێراق كە لە بەغدا بەخاكبسپێردرێ بەڵام بۆ ئاسانكاری لە سلێمانی بەخاكی دەسپێرین. 
ئەو وتیشی مەراسیمەكە ماوەی ئەمڕۆ و سبەی دەخایەنێت لەبەر ئەوەی زیاتر لە پێنج هەزار لە كەس لە ئێران و بەغدا و بەسرە و ناوچەكانی دیكەوە هاتوون و ئەگەر هەریەەیان تەوقەیەكیش لەگەڵ شێخ نەهرۆ بكات دوو رۆژ دەخایەنێت. 


ڕیکلام