نیاز عەبدوڵا: تەنیا شتێك كە فریایی حوكمڕانییەكەی مەسرور بكەوێت، ئازادكردنی دەستبەجێی شێروان شێروانیە

  2023-07-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نیاز عەبدوڵا چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە هەژماری خۆی لەبارەی سزادانی شێروان شێروانی دەنووسێت، "بەكارهێنانی دادگا و یاسا لەبەرامبەر شێروان شێروانی، ئامانجەكەی تۆڵەكردنەوە و سزادان و ترساندن و بێ دەنگكردنی شێروان و خەڵكی ئازادیخوازە، بەڵام ئەوەی كەوتووە و شكستی هێناوە لەناو كۆی ئەم پرۆسەی تۆڵەكردنەوەیەدا، خودی مەسرور بارزانی و حیزبەكەی و دەزگا ئەمنییە سەركوتكارەكانییەتی".

دەقی نوسینەکەی

رۆژنامەنووس شێروان شێروانی دوای ئەشكەنجەدان و دەستگیركردنی لەناو ماڵەكەی و لەپێش چاوی منداڵەكانی، لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ بێسەروشوێن و دەستگیركرا، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ لە (مەحكەمەی سەورەكەی مەسرور بارزانی) بە ٦ساڵ زیندانیكردن سزادرا؛ ئەمڕۆش ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣ جارێكی دیكە (مەحكەمەی سەورەكەی مەسرور بارزانی) بە بڕیاری (عەواد بەندەرێكی دادگا كارتۆنییەكە) بە تۆمەتی ساختەكردن ٤ ساڵی دیكە سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەكارهێنانی دادگا و یاسا لەبەرامبەر شێروان شێروانی، ئامانجەكەی تۆڵەكردنەوە و سزادان و ترساندن و بێ دەنگكردنی شێروان و خەڵكی ئازادیخوازە، بەڵام ئەوەی كەوتووە و شكستی هێناوە لەناو كۆی ئەم پرۆسەی تۆڵەكردنەوەیەدا، خودی مەسرور بارزانی و حیزبەكەی و دەزگا ئەمنییە سەركوتكارەكانییەتی؛ مەسرور هێند شكستی هێناوە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا، لە ماوەی ساڵانی كابینەكەیدا تاكە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمە تائێستا بانگهێشتی هیچ ناوەندێكی نێودەوڵەتی و گرنگ نەكراوە، بە تایبەت ئەمریكا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا تاكە سەرۆك وەزیرانە بەهۆی زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و سەركوتكردنی ئازادییەكانەوە، زۆرترین رەخنە و تانەی ئاراستەكراوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە زلهێزەكان و رێكخراوە گرنگە نێودەوڵەتییەكان.

ئەم هەنگاوە ترسنۆكانەیەی مەسرور بارزانی و "زیندانی چاكسازی" كە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەكات لە بزووتنەوەی گۆڕان، جگە لە ئەنجامدانی ستەمێكی دیكە و چوونە زبڵدانی مێژووەوە هیچ دەستكەوتێكی دیكەیان چنگ ناكەوێت، بۆیە تەنیا شتێك كە فریای وەستاندنی ئەم گاڵتەجاڕییەی دادگا و حوكمڕانییەكەی مەسرور بكەوێت، ئازادكردنی دەستبەجێی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و قارەمان شوكری زەینەدین-ە.



ڕیکلام