نوێنەری زیندانیانی بادینان: پیلانێکی مەترسیدار دژی شێروان شێروانی ھەیە

  2023-07-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، پیلانێکی مەترسیدار ھەیە دژی زیندانی و ئازادکراوەکانی بادینان بە تایبەتی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی کە مانەوەی لە چاکسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەکردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریکردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین کاتدا بۆ چاکسازی سلێمانی بگوازرێتەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی.

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە، پێویستە مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێ لەم بڕیارە تاکڕەوانەی و چەمینەوە لەبەردەم ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شکاندنی غروری نەبینێت، چونکە ئەم بڕیارانە مەترسین بۆ سەر تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی لە رووی دەرەوە بەتەواوەتی ناشیرین کراوە.

ئەیهان سەعید داوایکردوە، یەکێتی و گۆران لە حکومەیت بکشێننەوە و ناڕەزایەتی و فشارەکانیش چڕ بکرێنەوە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.

جەختیشکردوەتەوە، دۆسیەی زیندانی بادینان و شێروان شێروانی تەنیا پرسی شار و کەسێک نیە، بەڵکو پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بێنە سەرخەت، مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێت لەم مۆدێلی حوکمرانیەی، چونکە مەترسیە بۆ سەر تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە و ھاوپەیمانان و وڵاتە دۆست و پشتیوانانی کوردی نیگەران کردوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارین ڕای گشتی کوردستان، میدیا، داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، پەرلەمانتاران، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و بەغداد (کونسۆلخانەو بالیۆزخانە) و رێکخراوە جیھانیەکان ھەلوێستی جدی وەرگرن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربرین و ناشیرینکردنی سومعەی ھەرێمەکەمان و لە ئاییندەدا ھەموو لایەک باجەکەی دەدات.


ڕیکلام