ئومێد بەرۆشکی: بەردەوامین و لە هەڵوێستی خۆمان لامان نەداوە

  2023-07-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئومێد بەرۆشکی دوای ئازاد کردنی لە زیندان، ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵوێستی خۆی پەشیمان نەبۆتەوەو بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی دۆزی هاوڕێکانی کە ئێستا لە زینداندان.

ئومێد بەرۆشکی، پێشتر یەکێک بوو لە زیندانیانی بادینان و دوای ساڵێک و شەش مانگ لە زیندان کردنی لە ڕێکەوتی 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام بەهۆی وتاردانێکییەوە لەبەردەم دادگای هەولێردا لەسەر سزادانەوەی شێروان شێروانی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک لە لایەن هێزێکەوە دەستگیرکرایەوە و شەوی ڕابردووش جارێکی تر ئازادکرا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە هیچ لە ڕێبازی خۆمان لامان نەداوەو بەردەوامین. تا ئێستا هاوڕێیانی ئێمە لە زینداندان، هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ئێمەدا.".
وتیشی"ئێستاش دەڵیم ئەوانەی لە زینداندان، بە ناحەق لە زینداندان، داوای منیش هەر ئازاد کردنی ئەوانە"
دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی، لە دوای وتارەکەی هات لە بەردەم دادگای هەولێر، کە تیایدا مەسرور بارزانی  تاوانبارکردبوو لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شیروانی و ڕایگەیاندبوو "تا کەی بە عەقڵیەتی عەسکەری دەسەڵات لەسەر زیندانیان جێبەجێ دەکەیت؟ قات و ڕێبات ناتوانێت عەقڵیەتی تۆی عەسکەری بشارێتەوە."



ڕیکلام