سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ: بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەنجامی تانەم لە بڕیاری سزادانەكەی شێروان شێروانی

  2023-07-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم دەڵێت، بەدواچونم بۆ دۆسیەی شیروان شیروانی كردوەو سەردانی دادگای لێكۆڵینەوەی كەسنەزانم كردوە وەك لایەنێكی چاودێریكەری، بە پەرۆشیەوە چاوەڕوانی ئەنجامی تانەی بڕیاری سزاكە دەكەم.

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی نووسیویەتی: 

 پاش پرسیار كردنێكی زۆری هاوڕێیان لە بارەی دادگاییكردنەكەی شیروان شیروانی، دەمەوێت ڕایگەیەنم:
من بەدواچونم بۆ دۆسیەی شیروان شیروانی كردوەو سەردانی دادگای لێكۆڵینەوەی كەسنەزانم كردوە وەك لایەنێكی چاودێریكەری، بۆ دڵنیابونەوە لەوەی كە كارەكان بەشێوەی پێویست بەڕێوەبچن. لە پەیوەندیشدا بووم لەگەڵ پارێزەرەكانی‌و لەگەڵ كەسوكاریشدا كە پەیوەندیان كردوە.
بەڵام ڕۆژی دەرچوونی بڕیاری سزاكە، ڕۆژی پێنج شەمی ٢٠ی تموز، ئامادە بووم لە دادگا پێش دەستپێكردنی ئەو دادگاییەی كە نزیكەی چوار كاژێری خایاند تا دەرچوونی بڕیارەكە.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم لەبارەی ئەم بابەتەوە بەكورتی:
١- سەرنجەكانی خۆم بە ویژدانێكی زیندوەوە نوسی لەبارەی دادگاییكردنەكەوەو ناردم بۆ لایەنی پەیوەندیدار، وە بەڵێنیان پێدام گرنگی  پێ بدەن.
٢- بە پەرۆشیەوە چاوەڕوانی ئەنجامی تانەی بڕیاری سزاكە دەكەم، هیوادارم بەشێوەیەكی دادوەرانە پێداچوونەوە بە دۆخە یاساییەكەیدا بكەن.

لە كۆتاییدا:
شارل دیگۆل ڕاستی گوتوە: " ئەگەر دادگا لە وڵاتدا باش بێت، وڵات هەموی باش دەبێت".


ڕیکلام