فەرمانی دەستگیركردن بۆ سۆران عومەر دەركرا

  2020-07-12  | 
هەولێر
سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.

بەپێی نوسراوێك كە ئەمڕۆ یەكشەممە ١٢ی٧ی٢٠٢٠، لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە دەركراوە،  فەرمانی دەستگیركردن بۆ سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ دەركراوە.

نوسراوەكە ئاراستەی گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و گشت ئەندامانی پۆلیس كراوە، کە واژۆی دادوەر عیماد فارس رەشیدی لەسەرە و تیایدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ سۆران عومەر دەركراوە .

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەكراوە، ئێوە رێگەتان پێدراوە و لەسەرتانە تۆمەتبار سۆران عومەر سەعید، بگرن و بیدەن بە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، چونكە لە بنكەی پۆلیسی خانەقا سكاڵای لەسەر تۆماركراوە .

دەركردنی ئەم فەرمانە لەكاتێكدایە كە رۆژی 7ی ئایاری ئەمساڵ، پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵگرت، ئەوەش نارەزایی و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی لێكەوتەوە.



ڕیکلام