ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ترلیۆن دینار قەرزدارە، کە دەکاتە بودجەی زیاتر لە 3 ساڵی پشکی حکومەتی هەرێم.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە پێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشکی خۆی (لە سەروو پشکی خۆیەوە) 5 ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە."
دەشڵێت "دوای سەردانی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی،سودانی موافەقەتی کردووە بۆ ماوەی سێ مانگ 2 ترلیۆن و 100ملیارمان بدەنێ، لە ڕێگەی بانکەکانی (TBI، ڕافیدەین و ڕەشید) ،هەرچی بانکی TBIیە 2 ترلیۆن و نیوی لای حکومەتە، پێنج 400 ملیاریشمان پێشتر بە قەرز وەرگرتووە( پێنج کەڕەت 400 ملیار) ، کە دەکاتە دوو ترلیۆن دینار."
دەشڵێت،"پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو، هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە. بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت 2 ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەکەی تر ماوە کە دەکاتە نزیکەی (43.500 ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر بە دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار."