حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە پێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا ڕەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکان، لە جیاتی دۆلار، دراوی دینار وەردەگیرێت و هەر لایەنێکیش پێیەوە پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.
ژیان:
ئەمڕۆ دووشەممە١٦ی تشرینی یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پشتبەست بە حکومەکانی ماددەی هەشتەم، لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، لەسەر پێشنیاری وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیاردرا وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و ڕەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان تەنها بە دیناری عێراقی بێت.
لەنووسراوەکەشدا هاتووە، کە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن. لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.