پارێزەری گیراوانی بادینان: سزای رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە

  2023-10-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان رایگەیاند، دوای تەمیزکردنەوە، سزای زیندانیکردنی شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاندووە، "دوای سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن، داوای تەمیز کردنەوەمان کرد و ئەمڕۆ سزاکەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە."

دەشڵێت، بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 دادگای هەولێر بە هەردوو مادەی 298 و 295 بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزای دایەوە. 

دادگای تاوانی هەولێر، رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.

لە ئێستادا هەردوو رۆژنامەنووس "شێروان شێروانی و گوهدار زێباری" لە زیندانن و ئەوانی تر ئازادكراون.

 


ڕیکلام