ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند یاسایەكی نوێمان پەسەندكردوە بەدەستهێنانی رەگەزنامە ئاسان دەكات، چونکە پێویستمان بە دەستی کار هەیە لە کەرتی ئابووریدا.
بەپێی یاسا نوێكەی ئەڵمانیا كە لەلایەن راوێژكاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵتزەوە پاڵپشتی كراوە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەوە پەسەندكراوە، هاووڵاتی بیانی دوای پێنج ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا، دەتوانێت داواكاری وەرگرتنی رەگەزنامە پێشكەش بكات، كە بەپێی یاسای پێشوتری ئەو داواكرییە ئەڵمانیا لە دوای هەشت ساڵبوو.
هەروەها ئەو پڕۆژەیاسایە بوارەكانی هەبوونی دوو رەگەزنامە زیاتر دەكات، ئەوەش هەلێك دەداتە هاووڵاتیان بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامەی دووەم.
نانسی فیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دوای دەرچوونی یاساكە تەئكیدی لەوەكردەوە، كە چاكسازییەكەیان بۆ دۆخی ئابووری ئەڵمانیا زۆر گرنگە و وڵاتەكەی لە كێبڕكێیەكی جیهانیدایە بۆ راكێشانی باشترین كەس، چونكە پێویستیان بە دەستی كاری لێهاتوو هەیە لە زۆرێك لە كەرتەكانی ئابووریاندا.