لە 549 پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو 7 یان خانەنشینییەکەیان ڕەتکردووەتەوە

  2020-07-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هیوا نەسرەدین جێگرى سەرۆکى دیوانی پەرلەمان ڕایگەیاند، لە کۆى 549 پەرلەمانتارى ئێستا و خولەکانى پێشووى پەرلەمانى کوردستان تائێستا تەنیا حەوت پەرلەمانتار خانەنشینییەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

هیوا نەسرەدین بە تۆڕى هەواڵى ژیانى ڕاگەیاند، فۆڕمى ڕەتکردنەوەى خانەنیشنى پەرلەمانتاران لە یەکى ئەم مانگەوە دەست کراوە بە دابەشکردنى و تائێستا تەنیا حەوت پەرلەمانتار فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە. وتیشى کۆتایی ئەم مانگە وادەى پڕکردنەوەى فۆڕم کۆتایی دێت و ماوەکەى درێژ ناکرێتەوە. ئەو حەوت پەرلەمانتارەى فۆڕمى ڕەتکردنەوەى خانەنشینیان پڕکردووەتەوە پێکهاتوون لە سێ پەرلەمانتارى گۆڕان (عەلى حەمەساڵح، شیرین ئەمین، شایان عەسکەرى) لەگەڵ چوار پەرلەمانتارى فراکسیۆنى نەوەى نوێ کە پێکهاتوون لە (کازم فاروق، کاوە عەبدولقادر، مژدە مەحمود، سیپان ئامێدى) پێشتر بەبێ هیچ جیاوازییەک سەرجەم ئەندامانى پەرلەمان بە 80%ى موچەکانیان خانەنشین دەکران کە دەیکردە 6 ملیۆن و 560 هەزار دینار. بەڵام بەپێى یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی، لەمەبەدوا لە خانەنشینى پەرلەمانتاراندا پێوەرى تەمەن، ساڵانى خزمەت و بڕوانامە لەبەرچاو دەگیرێن، بەوەش بەرزترین سەقفى موچەى خانەنشینى پەرلەمانتار دەگاتە 4 ملیۆن و 200 هەزار دینار و کەمترینیش 2 ملیۆن و 50 هەزار دینار دەبێت.


ڕیکلام