پێنتاگۆن و سەرۆکایەتی هەرێم: وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبووە لە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانیدا

  2024-01-30  | 
دۆسیە:  پێشمەرگە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) و وەزارەتی پێشمەرگە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، به‌رپرسانى باڵاى پنتاگۆن و هەرێم، 29ـی کانوونی دووەمی 2024 کۆبوونەوەی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێم لە هەولێر ئەنجامدا.

دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێم:
 
به‌رپرسانى باڵاى وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانى عێراق، 29ی کانوونی دووەمی 2024، کۆبوونەوەی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.
 
کۆبوونەوه‌كه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ بوو كه‌ له‌ پرۆسەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا به‌ديهاتوون‌ له‌ چوارچێوه‌ى یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و ئەیلوولی 2022 نوێ کراوەتەوە.
 
كۆميته‌كه‌ ئه‌و پێشکەوتنانەى خسته‌ڕوو کە بۆ چاکسازیی له‌ هێزى پێشمەرگەدا بەدەستهاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتوو رێککەوتن وەک بەشێک لە پابەنديی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوه‌ى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و بنیاتنانی هێزێکی پیشەیی كه‌ بتوانێت تێکشکاندنی یەکجاره‌كیی داعش مسۆگه‌ر بكات.
 
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی و هێزەکاندا بەدەستهێناوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەواميی هەوڵەکانی چاکسازی کە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە 2022دا هاتووە. وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگيرى لە گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی به‌هێز و سه‌قامگير و خاوەن سەروەری.
 


ڕیکلام