پارێزەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، دوای سێ ساڵ و شەش مانگ گوهدار زێباری ئازادکرا، دەشڵێت: لێخۆشبوونێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە گوهدار سێ ساڵی دیکەش لە زیندان دەمایەوە.
بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند، ئەمڕۆ گوهدار ئازادكرا و ئەو لێخۆشبوونەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان نەبووایە دەبوو گوهدار زێباری سێ ساڵی دیكە لە زیندان بمێنێتەوە.
لە 22ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020 گوهدار زێباری دەستگیركرا و بە گوێرەی ماددەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكم درا.
لە شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان حوكمەكەی زێباری و چوار هاوڕێی دیكەی كەمكرایەوە و حوكمەكەی زێباری 60٪ كەمكرایەوە و پارێزەرەكەشی دەڵێت، "ئەو لێخۆشبوونەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبووایە، گوهدار دەبوو نزیكەی سێ ساڵی دیكە لە زیندان بمێنێتەوە".