شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی وشکە سەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بەفر لەسەنتەری شار ببارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەوە لە ئەنجامی کاریگەری بە هێزی بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیری لە سەر ناوچەکانی وڵاتی ئێران و باکووری ئێران شەپۆلێکی وشکەسەرما ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: پلەکانی گەرما لەم ناوچانەدا سبەینێ بەراورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٦ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و هەست بە سەرمایەکی زۆر دەکرێت لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی بۆ ژێر سفر و بەستن لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمدا کاریگەری ئەم ئاڕاستە بایە کەمتر دەبێت بە خێرای ١٥ تا ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
وتیشی: پلەکانی گەرما ٢ تا ٣ پلە نزمدەبێتەوە، ئاسمان ساماڵ و کەمێک پەڵە هەوری دەبێت لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی هەولێر کڕێوە بەفر دەبێت، پێشبینی بارینی بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانیش دەکرێت و کاریگەری ئەم شەپۆلە کورت خایان دەبێت و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کۆتای پێدێت.