سۆران عومەر بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم: داهاتی نەوتی و نانەوتی چی لێ دەکەن؟

  2024-03-12  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە لە سەرو 320 ملیار دینارە و بە تەنکەر نەوت دەفرۆشرێت و بەپێی یاسای بودجە دەبێت ئەو داهاتانە رادەست بکرێت.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە سەرجەمی موچەکەیان تەمویل کراوە، تەنها ئەو لیستانەتان ناردوە، پاشان موچە بەڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، ئێوە لە مانگەکانی (١٠-١١-١٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ موچەتان نەداوە کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرو ٣٢٠ ملیارە!

ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لەوە ١٧/١٠/٢٠٢٣ کاتێک هاتن بۆ بەغدا لیستێکتان هێنابوو کۆی گشتی موچەی هەرێم ٩١٣ ملیارو ٦٢٣ ملیۆن دینار بوو، ئێستە بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن موچە گەشتووە بە ٩٤٩ ملیارو ٨١٣ ملیۆن دینار، واتە لەم ماوەدا ٣٦ ملیارو ١٩٠ ملیۆن موچە زیادی کردووە! 

سۆران عومەر باسی لەوەشکردوە، سەیرە وەزارەتی دارایی باس لەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات، کە بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێت، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی. 

 ئەوەشی خستوەتەڕوو،  مانگانە حکومەتی هەرێم هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرێت، پاشان بەوشەیەکیش باسی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکەن،  باس لە مافی یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێم دەکەن مەگەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافی یاسایی و دەستوری نیە، مەگەر هاوتا کردنی موچەی خانەنشینان وەک خانەنشیننی عێراق مافی یاسایی و دەستوری نیە.

سۆران عومەر دەڵێت، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدراڵی رەتدەکاتەوە بۆ جێگیرکردنی موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە، ئەی شوێنگرەوەیان چییە بۆ برسیکردنی خەڵک و نەهاتنی موچە، چۆن دەتوانن بەم دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگ لەخەلک بکەن.

 

 

 


ڕیکلام