لێپرسراوی بەشی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن رایگەیاند: یەکەم هاوپەیمانی بەناوی سەردەمەوە لەنێوان لایەنەکانی پارتی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران پێکهێنرا.
یەکەم هاوپەیمانی بەناوی سەردەمەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر تۆمارکرا و تائێستاش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ناوی ٥٠ کاندیدی سەربەخۆ تۆمارکراوە.
لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ ناوی کاندیدانی سەربەخۆ و پارتەکان و هاوپەیمانێتییەکان کردووەتەوە و تا ئەمڕۆ سەعات ٢ی پاش نیوەڕۆ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
فەرهاد ئەسعەد لێپرسراوی بەشی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن رایگەیاند: لە پێنجی ئەم مانگە تائێستا ٦٥ کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە و تەنها ٢٣ کاندید فۆڕمەکەیان گەڕاندووەتەوە و خۆیان تۆمارکردووە.
هەروەها زیاتر لە ٣٥ حزب فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و تەنها ١٨ لایەن و حزب فۆڕمەکانیان گەڕاندووەتەوە.
وتیشی ئەمڕۆ یەکەم هاوپەیمانی بەناوی سەردەمەوە لە هەولێر تۆمارکراوە کە لەنێوان لایەنەکانی پارتی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران پێکھێنراو.
ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش راگەیاند: تائێستا ١٨ کاندیدی سەربەخۆ و ١٣ پارت تۆمارکراون و هیچ هاوپەیمانیەتییەک تۆمارنەکراوە.هاوکات لە دهۆکیش، تائێستا ١٢ کاندیدی سەربەخۆ تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی حزب و لایەنەکان دیار نییە.