سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: بڕیارە پێش جەژنی رەمەزان، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و حکومەتی هەرێم پێش جەژن دابەشی بکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست وێستگە کەوتووە، لە ئێستادا لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەکرێت و دوای تەواوبوونی وردبینی پارەی مووچەی مانگی سێ بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت.
وتیشی: گەر کێشە و ئاستەنگ دروست نەبن، پێش جەژن هەموو پارەکە یان بەشێکی زۆری مووچەی مانگی ئازار بەشێوەی کاش دەخرێتەسەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم.
بەوتەی سەرچاوەکە، ئەگەر کێشە دروست نەکرێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار دابەش بکات.
لە ئێستادا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لیستی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کراوە و پێویستە هەرێم خشتەی دارایی مانگی پێشوو رەوانەی بەغدا بکات و روونیبکاتەوە پارەکەی بەغدای لە چیدا خەرج کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت و وەک ئەوەی وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان دابەش دەکرێت.