ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی پارتی: ئەمڕۆش لیستی کاندیدەکانمان نادەین بە کۆمسیۆن

  2024-03-31  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: هەر وەک پێشتر ئەمڕۆش لیستی کاندیدەکانمان پێشکەشی کۆمیسیۆن ناکەین و داوامان لەکۆمیسیۆن نەکردوە وادەکە درێژبکاتەوە.

سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدھۆک ڕایگەیاند: هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوەو جەخت لەدوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوەو بەمشێوەیەی ئێستا، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".


ئاماژەی بەوەشکردوە، دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان‌و پرسی موچەی فەرمانبەران بەتەواوەتی دژی قەوارەی دەستوریی هەرێمن‌و ئامانجیان لاوازکردنی ئەم قەوارە دەستورییەیە، بۆیە ڕەتیاندەکەینەوە.

ئەم پەیامەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆتا وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی حزب‌و هاوپەیمانییەتییە سیاسییەکانە بەکۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەو ڕوەشەوە لەزگین وتویەتی: داوامان لەکۆمیسیۆن نەکردوە وادەکە درێژبکاتەوە و ئەمڕۆش لیستی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین.