​هاتوچۆی سلێمانی: لە ماوەی بایکۆتی کارمەندانی هاتوچۆدا ١١ رووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە

  2024-04-01  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لەو ماوەیەی کارمەندانی هاتوچۆ بایکۆتی دوامیان کردبوو ١١ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە و ١٢ کەس برینداربوون.

بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: هەموو فەرمانبەرێک لە هەر جێگەیەک بێت پیشەیەکی پیرۆزی لەسەر شانە و کەس ناتوانێ ئەرکی ئەو پڕبکاتەوە ، هەر بۆیە ئەو کاتەی مامۆستا بایکۆتی کرد کەس نەیتوانی دێڕێک بە منداڵەکانمان بڵێتەوە ، بەهەمان شێوەش کارمەندانی هاتووچۆ، کەس ناتوانێ ئەرکی کارمەندێکی هاتووچۆ بگێڕێت لەسەر شەقامەکان لەگەڵ ئەوپەڕی پێزانینم بۆ ئەو کەسانەی کە ویستیان ڕۆڵی کارمەندی هاتووچۆ بگێڕن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو هێڵکاریەی مەفرەزەکانی هاتوچۆ کردویانە لە ماوەی بایکۆتی کارمەندانی هاتوچۆدا ١١ ڕووداوی سەختی هاتوچۆ روویانداوە کە بەهۆیانەوە ١٢کەس برینداربوون کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

وتیشی: پێئەچی ڕووداوی تریش ڕوویدابێت بەڵام هێڵکاری بۆ نەکراوە، بۆیە هیوادارم مووچە لەکاتی خۆیدا بێت تا هەموو لایەک بە دڵسۆزی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات .


ڕیکلام