بڕیارە لیستی مووچەی مانگی ئایار بە پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم ئامادەبکرێت

  2024-04-06  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وەزارەت و فەرمانگەکانی ئاگادارکردووەتەوە لیستی مووچەی مانگی ئایاری داهاتوو بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن.

لەگەڵ هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی وادەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کار لەسەر دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە دەکرێت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.

سەرچاوەیەکی حکومیی ئاگادار راگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وەزارەت و فەرمانگەکانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ مووچەی مانگی (٥) ئایاری داهاتوو لیست بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن.

سەرچاوەکە روونیشیکردەوە، هەر هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتەکان ئەنجامداوە و رێنوێنی پێویستی تایبەت بە چۆنیەتی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران پێداون.

 خشتەی سیستمی مووچە کە کاری پلەبەرزکردنەوەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، جیاوازە لەو خشتەیەی لە چەند ساڵی رابردوو هەرێم کاری لەسەر کردووە و هەمان ئەو خشتەیەیە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە کاری لەسەر دەکرێت.

بەپێی سیستمە نوێیە مووچەی پلە نزمەکان بەرزتر دەبێت بەراورد بە خشتەکەی هەرێم، هەروەها پلەکانی سەرەوەش مووچەکانیان هەندێک کەمتر دەبێت بەراورد بە پێشوو.

دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە لەکاتێکدایە لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مانگانە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، چاوەڕوان دەکرێت بۆ لەمەودوا گرفتی مووچە لە هەرێم کۆتایی پێبێت.


ڕیکلام