​هیمداد شاهین: سەرۆکی هەرێم بۆی نییە وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت

  2024-04-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدەگیەنێت: سەرۆکی هەرێم خۆی ماوەی یاسایی بەسەر چووە و بەهیچ جۆرێک بۆی نییە وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن رەنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، ئەمڕۆ شەممە، هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندووە: سەرۆکی هەرێم خۆی ماوەی یاسایی بەسەر چووە و بەهیچ جۆرێک بۆی نییە وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت.

دەشڵێت: ئەگەر سەرۆکی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بگۆڕێت، ئەوا لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لێدەدەین چونکە ماوەی یاسایی خۆی تەواو کردووە و بەسەرچووە.

‎ باسی لەوەشکردوە، تەنانەت ئەگەر ماوەیشی بەسەر نەچوایە، ئەوا بەپێی یاسا تەنها بۆی هەیە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات نەک رۆژی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممە سایتی بەغداد ئەلیەوم لەزاری سەرچاوەیەک کە نەیوستوە ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئاشکرایکردوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بەنیازە لەو کۆبونەوەیەدا داوا لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی-لایەنە شیعەکان- دەکات پێشنیاز بۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و سەرکردەکانی دیکەی لایەنە کوردییەکان بکەن رازی بن بەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٤ مانگی دیکە دوابخەن.


ڕیکلام