بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ فیلیپ گۆردن، یاریدەدەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عێیراق و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی دووپاتکرایەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆی و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە کرد تاوەکو ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە حوکمڕانی و گەشەکردنی دیموکراسی لە ناوچەکە.
باس لەوەشکراوە، هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە، بۆیە جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
لەبەرامبەردا فیلیپ گۆردن باسی لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە و وتیشی، پێویستە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق پارێزراوبێت و هەوڵەکان لەو چوارچێوەیەدا بێت.