قوباد تاڵەبانی: هێزی دژە تیرۆر، هێزێکی تۆکمە و بە ئەزمونە و دەتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێ و هەڕەشەی نوێ بگونجێنێت

  2024-05-23  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆژی پێنج شەمە ( ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤) لە سلێمانی سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستانی کرد و لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژە تیرۆرەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە فەرماندەکانی دژە تیرۆر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان هێزەکە ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی هێزەکانی دژە تیرۆری کرد لەپای ماندووبوون و قوربانیدانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان.

وتیشی: رەنگە بەهۆی نهێنی بوونی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆرە رای گشتی کەمتر ئاگاداری ئۆپەراسیۆن و گیانبازی و قارەمانێتی ئەندامانی دژەتیرۆر بێت، بەڵام لە سەرووی هەموومانەوە سەرۆک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی و بەندە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش ئاگاداری وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکانین، دەزانین کە دژە تیرۆر هێزی رۆژە سەختەکانە و نەک هەر بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەش پێویستن. 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونیان لە راهێنان و خۆبەهێزترکردن و داوایکرد بە هیچ جۆرێک رێگە نەدەن جەنگی دەرونی و بانگەشەی نەیارەکان کاریگەری لەسەر ئیرادەی ئەم هێزە هەبێت. وتیشی: دڵنیابن هیچ جەنگێکی دەرونی و تۆمەت و ناوزڕاندنێکی نەیاران، ناتوانێت پێگە و رێز و خۆشەویستی هێزەکانی دژەتیرۆر لەناو خەڵکدا خەوشداربکات.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لە ناوچەیەکی نا ئارام و ناسەقامگیرداین و بەردەوام جۆری هەڕەشە و مەترسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەربۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و بە تایبەتیش هێزی دژەتیرۆر بە بەردەوامی خۆی لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنێت، وتیشی؛ دژە تیرۆر ئەو هێزە تۆکمە و بە ئەزمونەیە کە لە قۆناغی جیاوازدا سەلماندوویەتی خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێ و هەڕەشە و مەترسی نوێدا بگونجێنێت. 

راشیگەیاند، هاوپەیمانان و دۆستانمان سەرسامن بە توانای هێزەکانی دژەتیرۆر، هەربۆیە خواستێکی زۆریان هەیە بۆ ئۆپەراسیۆن و کاری هاوبەش لەگەڵ دژەتیرۆردا و ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەم هێزە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی وێڕای ستایشی تایبەتی وەهاب ھەڵەبجەیی و کۆی هێزەکە بەگشتی، پشتگیری تەواوی خۆی و سەرۆکی یەکێتی بۆ هێزەکانی دژە تیرۆر دەربڕی و داوای لە فەرماندەکانی ئەو هێزە کرد، لەپێناو باشتر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییە جۆراوجۆرەکان، ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان و عێراق بەرزتر بکەنەوە.


ڕیکلام