وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت و حەوت کۆچبەر تێیدا خنکاون، 19 کۆچبەری دیکەش رزگارکران.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە، لە دەریای ئیجە نزیک لە شارۆچکەی چەشمەی سەر بە ئیزمیر تەرمی حەوت کۆچبەری نایاساییان دۆزیوەتەوە و 19 کۆچبەری دیکەشیان لە خنکان رزگارکردووە. هاوکات کۆچبەرێکی دیکەش بێسەروشوێنە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
بە وتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، پێش گەیشتنی تیمەکانیان ماسیگرێک یەکێک لە کۆچبەرەکانی رزگارکردووە و 18 کۆچبەرەکەی دیکەش لەلایەن تیمەکانی ئەوانەوە رزگارکراون.