سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای دهۆك بەرامبەر بە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبووە و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەش دەكات.
ئەمرۆ رێكەوتی 29 ی تەموزی 2024، لەهۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد كۆتایی هات و تێیدا بڕیاری سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ساتی دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد لە بەرواری 25 ی تشرینی یەكەمی 2023وە، سەنتەری میترۆ چەندین جار، لێدوان و داواكاری روبەروی دەسەڵاتی دادوەری كردوە كە كەیسی دادگاییكردنەكە بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری بێت، رێگەبدرێت بە خێزان و پارێزەرەكەی بیبینن، لە كەشێكی دادپەروەرانەدا پرۆسەی دادگاییكردنەكە بەرێوە بچێت.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای دهۆك بەرامبەر بە رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دادپەروەرانە نییە و مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبووەو داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە دەكات.
ئاماژە بەوەشدەکات، بە پێویستی دەزانین لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە دەبێت كار بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری بكرێت، نابێت لە ژێر هیچ پاساو بیانویەكدا پەنا بۆ یاساكانی تر ببردرێت.
دەشڵێت، لە كەیسەكەی سلێمان ئەحمەدا، نەتوانراوە مافەكانی وەك تۆمەتبارێك بۆ فەراهەمبكرێت، هەر لە شێوازی دەستگیركردنەكەی و نكۆڵیكردن لە دەستگیركردنی بۆماوەیەك، پاشان دوای 211 رۆژ رێگە دراوە كە خێزانەكەی و پارێزەرەكەی بیبینێت، هەموو ئەمانە گومانەكان گەورەتردەكەن لەسەر راست و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون.
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، دوای ئەوەی بۆ بەشداریی كردن لە پرسەی باوكی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی لە 25ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێت.