قوباد تاڵەبانی: کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال

  2024-08-02  | 
دۆسیە:  ئێزدییەکان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا پەیامێک بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای 10 ساڵ نیگەرانین کە هێشتا کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی ...

لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزدیمان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، سەری رێز لە ئاست قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین.
دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە، هێشتا بیری توندڕەوی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانی یەکتر کە هۆکار و سەرچاوەی تیرۆر و جینۆساید و سڕینەوەی جیاوازییەکانن بەردەوامە. 
دوای ١٠ ساڵ نیگەرانین کە هێشتا کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. نیگەرانین کە هێشتا وەک پێویست قەرەبووی قوربانییەکان نەکراوەتەوە.
هەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان لەپێناو ئارامبوونەوەی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری و بەرقەراربوونی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانمان لەو ناوچانە.


ڕیکلام