یەکێتی: راکردنی هێزی پارتی فەرمانڕەوا لە شەنگال کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە

  2024-08-02  | 
دۆسیە:  ئێزدییەکان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە."

دەقی پەیامەکە... 

دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕ دەبێ کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، دژ بە هاونیشتمانیانی ئێزدی و دژ بە نیشتەنی ژیان و شارستانی لە مێژینەیان لە شەنگال و دەوروبەری. 
فەرمانی قەتل و عامی داعشیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و سەدان لە کچانی و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد. 
بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە.  یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی،  بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی  بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە ولێقەوماوان  دروست کرد بۆ بەرگرتن لەو  نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوی لە توانادایە.
دوای پرۆسەی رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدرال  و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان،  قەرەبووی  زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە .
لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس،  خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشمانیی و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شەنگال دووپاتدەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.
یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی بەرەنگاری و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.
درود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی جینوسایدی شەنگال و سەرجەم قوربانیان و شەهیدانی گەلی کوردستان و عێراق.

مەكتەبی  سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


ڕیکلام