بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی شەھیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش لە ناوچەی قەرەداغ بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێنمان بە کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی داوە پارێزەری خاک و ژیانی ھاونیشتمانییانمان دەبین، رژانی خوێنی ئەم شەھیدانەش ھەر لەو چوارچێوەیە و لەپێناو کوردستاندا بوو.
دەقی پەیامەکە...
شەھیدبوونی ھەردوو کارمەندی دەزگای ئاسایشی ھەرێم (شەماڵ مەحمود و ھونەر تاڵیب) لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرک و پاراستنی ژیانی ھاوڵاتییاندا لە سنووری قەرەداغ، لەدڵەوە نیگەرانیکردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکەیان، ھەڤاڵان و دەزگای ئاسایش دەکەم و ھاوبەشی ماتەمیانم.
بەڵێنمان بە کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی داوە پارێزەری خاک و ژیانی ھاونیشتمانییانمان دەبین، رژانی خوێنی ئەم شەھیدانەش ھەر لەو چوارچێوەیە و لەپێناو کوردستاندا بوو. بەڵێن دەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەکەینەوە و ھیچ مەودایەک بۆ ئەو دەستانە ناھێڵینەوە کە دەیانەوێت سەقاگیریی خاکەکەمان تێکبدەن و مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵکەکەمان دروستبکەن.
دروود بۆ رۆحی شەھیدان و سەربەرزی بۆ کەسوکارە خۆڕاگرەکانیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان